
د.ئەمجەد صابر: زانکۆى جیهان پلانێکى چڕى دەستپێکردوە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارە زانستى و کارگێڕییەکانى
بەئامانجى وردەکارى ناساندنى سیستمى بەئەلیکترۆنیکردنى تاقیکردنەوەکان و، چۆنیەتى تۆمارکردنى نمرەى فێرخوازان بەپێى سیستمى بۆلۆنیا پرۆسیس، لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبونەوەیەکى فراوان بەسەرپەرشتى پ.د.ئەمجەد صابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆ بەڕێوەچوو.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى شەممە، ڕێکەوتى (٩/١/٢٠٢١) بەئامادەبوونى سەرۆکى بەشە زانستییەکان و ستافى مامۆستایان بەڕێوەچوو، تیایدا گفتوگۆ لەبارەى پلانى زانکۆ بۆ بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارە کارگێڕیی و زانستییەکان کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، پ.د.ئەمجەد صابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى ئامادەبووان باسى لە دیدگە و تێڕوانینى زانکۆکەى بۆ چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیاى نوێ کرد بۆ بەرەوپێشبردنى سیستمى خوێندن و باشتر ڕایکردنى کاروبارە کارگێڕیی و زانستییەکان، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان چاوى لە ئایندەیەکى گەشە و، دەخوازێ نەوەیەکى کارا و پڕ چەک بەزانست و زانیارى بۆ داهاتووى کۆمەڵگەکەى پەروەردە بکات، تا وەک هەمیشە لە پێشەنگى زانکۆکانى کوردستان بمێنێتەوە و، هەوڵى تەواویش دەدات بگاتە ترۆپکى زانکۆکان.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان بەگرنگیەوە باسى لە بەڕێوەبردنى کاروبارە کارگێڕییەکان کرد و ڕایگەیاند: سیستمى نوێى بەڕێوەبردن بەدورە لە ڕۆتین و بەفیڕۆدانى کات، بۆیە زانکۆى جیهان دەستى بەکارێکى چڕ کردووە بۆ سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیاى نوێ بۆ بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارە کارگێڕیی و زانستییەکان، ڕونیشیکردەوە ئەم هەنگاوە پاشگەزبوونەوەى بۆ نیە و، پێویستە تەواوى ستافى مامۆستایان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ چۆنیەتى خۆ ڕاهێنان و ڕایکردنى کاروبارەکانیان بەسیستمى ئەلیکترۆنى بەتایبەت لە (مۆدڵ و هانگ ئاوت) و، تۆمارکردنى نمرەى فێرخوازان بەسیستمى ئەلکیترۆنى.
لە کۆتایى وتەکەیدا، د.ئەمجەد صابر دەلۆ باسى لە هەنگاوەکانى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى تاقیکردنەوەکانى کۆرسى یەکەمى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) لە زانکۆى جیهان کرد، کە ڕۆژى یەک شەممە، ڕێکەوتى (١٠/١/٢٠٢١) دەستپێکرد، هیواشى خواست فێرخوازان ژینگەیەکى تەواو لەبار و گونجاویان بۆ بڕخسێت تا بتوانن بەسەرکەوتوویى تاقیکردنەوەکانى کۆتایى کۆرس بکەن.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، م.کارێز بەئامێرى داتاشۆ (سیستمى تۆمارکردنى نمرەى فێرخوازان)ى بەمامۆستایانى زانکۆکە ناسان، بۆ ئەوەش باسى لە وردەکارییەکانى سیستمەکە و هەنگاوەکانى چۆنیەتى پڕکردنەوەى سیستمەکان کرد، وتیشى ئەم سیستمە کارئاسانییەکى زۆر بۆ مامۆستایان دەکات و کاتێکى زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە.
کۆبونەوەکە، بەچەند پرسیارێک و وەڵامى م.کارێز سەبارەت بەوردەکارى سیستمەکە و، ئەگەرى ئەو کێشانەى ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کۆتایی پێهات.