زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە چوارەمین کۆنفرانسى زانستى کۆلێژى پزیشکى دەکات
بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و زانکۆى شاهانەى بەریتانى دەستى بەکارەکانى کرد.
لەو کۆنفرانسە زانستیەدا، کە بە سپۆنسەرى زانکۆى جیهان-هەولێر، ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١١/١/٢٠٢٤) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى هۆتێل ڕۆتانا لە شارى هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد، هەریەک لە دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، دکتۆر سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى و، دکتۆر دارا رەشید وەزیرى پلاندانان و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، ژمارەیەکى بەرچاو لە سەرۆکى زانکۆکان و توێژەران و پسپۆڕانى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى ئامادەیبوون، کۆنفرانسەکە بە پێشکەشکردنى چەند وتەیەک کارەکانى کردەوە، پاشان لە ڕێگەى چەند توێژینەوەیەکى زانستى خرانەڕوو.
هەر لە پەراوێزى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکەدا، دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیشانگەیەکى تایبەتى زانکۆکانى کردەوە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریەکى کاراى تێدا کردوە، لە میانەى بەسەرکردنەوەى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە کار و پڕۆژە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، هیواى خواست بەردەوام بن لە جێبەجێکردنى هەنگاوە زانستیەکانى.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، چەند توێژینەوەی زانستى و وۆرکشۆپ لە بوارى پزیشکى پێشکەش دەکرێ.