وەزیرى خوێندنى باڵا بڕوانامەى ڕێزلێنانى پێشکەش بە باشترین توێژەرەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕوانامەى ڕێزلێنانى پێشکەش بە دوو توێژەر و مامۆستاى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، کە ناویان لە لیستى باشترین توێژەرانى جیهانى لە زانکۆى (ستانفۆرد) بۆ ساڵى (2023) هاتووە.
هەریەک لە پڕۆفیسۆر دکتۆر سەید محمد سەجادی پسپۆڕى کیمیا و مامۆستا لە بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس و، پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحمود ئەمین عەبدوڵڵا پسپۆڕى بایۆلۆجى و، مامۆستا لە بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى زانکۆى جیهان-هەولێر ناویان لە لیستى باشترین توێژەرانى جیهانى لە زانکۆى (ستانفۆرد) بۆ ساڵى (2023) هاتووە، جگە لەوەش لە ماوەى ساڵانى ڕابردودا لە چەندین ڕێزبەندى دیکەدا لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک باشترین دوو توێژەرى ساڵ دیاریکراون.
بەخشینى ئەو بڕوانامەى ڕێزلێنانە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (١٥/١/٢٠٢٤) لە میانەى بەڕێوەچونى مەراسیمێکدا لە هۆڵى کۆبونەوەکانى شیراتۆن هات، کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ڕێزلێنان لە لیستى باشترین توێژەرانى جیهانى لە زانکۆى (ستانفۆرد) بۆ ساڵى (2023) ڕێکخرابوو.
لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبونى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بریکار و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، چەند وتارێکى تێدا پێشکەش کرا، لە وتارەکاندا بە گرنگیەوە باس لە توێژینەوەى زانستى بۆ پێشخستنى کۆمەڵگە لە بوارە جیاکا کرا، پاشان لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕوانامەى ڕێزلێنان پێشکەش بە توێژەران کرا، لە زانکۆى جیهان-هەولێریش هەریەک لە پڕۆفیسۆر دکتۆر سەید محمد سەجادی پسپۆڕى کیمیا و مامۆستا لە بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس و، پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحمود ئەمین عەبدوڵڵا پسپۆڕى بایۆلۆجى و، مامۆستا لە بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى بڕوانامەکەیان پێشکەش کرا.