زانکۆى جیهان-هەولێر خولى سێیەمى پێداگۆجى بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە کردەوە
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆ بەبێ پەروەردە ناتوانێ کارەکانى بە باشى ئەنجام بدات و نەوەیەکى پڕ چەک بە زانست بۆ کۆمەڵگە دروست بکات.
ئەو ڕاگەیاندنەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٦/٧/٢٠٢٤) لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەکى لە مەراسیمى کردنەوەى سێیەمین خولى پێداگۆجى بۆ مامۆستایانى پەروەردە هات.
لەو مەراسیمەدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەئامادەبوونى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و یاریدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و مامۆستایان هات، لەسەرەتادا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتەیەکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان، وتى: وەک زانکۆى جیهان-هەولێر شەرفمەدین خولی سێیەمی پەرەپێدانی تواناکانی وانەوتنەوە (پێداگۆجی) بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە دەکەینەوە، وتیشى کردنەوەى ئەم خولە لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنامە دێ، کە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە واژۆمان کردوە، سەرۆکى زانکۆى جیهان هەولێر ڕونیشیکردەوە لە میانەى بەڕێوەچوونى دوو خول ى ڕابردودا تێبینی و سەرەنجى بەشداربوانمان وەرگرت، هەوڵدراوە کەموکوڕییەکان چ لەلایەنی زانکۆ، پڕۆگرام، مامۆستا لەم خولەد چارەسەر بکەین.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتەکەى تەرخانکرد بۆ بوارى پەروەردە و لەو باریەوە وتى: ئێمە هەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبێ و، هەوڵ دەدەین پەرەی زیاتریشی پێ بدەین، چونک باوەڕی تەواومان بەوە هەیە زانکۆ بەبێ پەروەردە ناتوانێ کارەکانی بەباشی بکات و، نەوەیەکى پڕ چەک بە زانست و زانیارى بۆ کۆمەڵگە پێبگەێنین، چونکە ئێمە ئەنجامی ئێوە وەردەگرین، هۆکارە ئێوەن لە وەزارەتى پەروەردە، بۆ ئەوەش وتى: پەروەردەی تەندروست واتا کۆمەڵگەی تەندروست، کۆمەڵگەی تەندروست واتا پەروەردەی تەندروست، ڕونیشیکردەوە هەر سێکتەرێک لەهەر بوارێک لەهەر کۆمەڵگەیەک هەبێ، بنەماکەی پەروەردەیى هەیە، بۆیە ئێمەش ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵگەیەکی پایەبەرزمان هەبێ، کەلتوری ڕێزگرتن لە یاسای تێدا بێ، دەبێ پەروەردەیەکی تەندروستمان هەبێ، هەروەها ئەگەر بمانەوێ وەزارەتی تەندروستی بەباشی کار بکات، دەبێ پەروەردەیەکی باشمان هەبێ، بۆیە پەروەردە بنەمای هەموو شتێکە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕوولە مامۆستایانى بەشداربووى خولەکە وتى: کاری ئێوە زۆر گرنگە و خولەکانی ئێوەش هەر زۆر گرنگە، چونکە ئێوە دەرچوی هەر بەش و کولێژ و زانکۆیەک بن پێویستە بەردەوام خۆتان بەزانست و زانیاری سەردەم نوێ بکەنەوە، چونکە لەم سەردەمی تەکنەلۆژیایەدا گۆڕانکارییەکان زۆر خێران، هەربۆیە لە زانکۆی جیهان-هەولێر بڕیارماندا زیرەکی دەستکرد لەسەرجەم بەشەکان بخوێندرێ، بۆیە پێویست دەکات ئەو هەنگاوە لە وەزارەتی پەروەردەش دەست پێ بکرێ، زاکۆکەشمان ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە.
لە کۆتایی وتەکەشیدا پیرۆزبایی لە مامۆستایانى بەشداربوو کرد و، هیواى خواست ڕۆژانە بەگروتینەوە بەشدارى لە وانەکان بکەن و پەرە بە تواناکانیان بدەن.
پاشان مامۆستا عەبدوڵلا ئەرگوشی ڕاوێژکاری وەزارەتی پەروەردە بەنوێنەرایەتی وەزیری پەروەردە وتاری وەزارەتی پەروەردەی پێشکەش کرد و، لەو بارەیەوە وتى: کردنەوەی ئەم خولە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەریەک نیشانەی خەمخۆری و هاوکاری و پاڵپێشتی زانکۆی جیهانە بۆ وەزارەتی پەروەردە، وتیشی پەروەردە لەسەر کۆمەڵێک پایە ڕاوەستاوە، بەڵام لە هەمویان کاریگەرتر مامۆستایە، چونکە مامۆستای سەرکەوتوو دەتوانێ کەلێن و کەموکوڕییەکانی دیکەى پەروەردە پڕبکاتەوە، هەروەک هیواشی خواست ئەم خولە ببێتە هۆکارێک بۆ دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدان و نوێکردنەوەی ئاستی زانست و زانیاری مامۆستایان.
لە کۆتایی وتەکەشیدا بەناوی وەزارەت و ئەنجومەنی وەزارەتى پەروەردە سوپاس و پێزانینى ئاراستەی سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى خولەکە، وتیشى کردنەوەی ئەم خولە نیشانەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی زانکۆی جیهانە بەرانبەر بە پەروەردە، چونکە ڕەخساندنی ئەم جۆرە دەرفەتانە کاریگەری خۆی لەسەر سێکتەرى دەبێ، هیواشى خواست ئەم هەماهەنگی و هاوکارییە بەردەوام بێ.
بەو جۆرە کۆتایی بە مەراسیمى کردنەوەى خولەکە هات و، وا بڕیارە مامۆستایانى بەشداربوو لەلایەن مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى ڕاهێنان بە مامۆستایان بکرێت و ئاشناى نوێترین میتۆدەکانى وانەوتنەوە بکرێن.