زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ ڕاگرایەتى فاکەڵتى ئەندازیارى تەلارسازى زانکۆى پۆزنان تاوتوێی میکانزمەکانى ڕێککەوتنامەى هاوبەش دەکەن
لە کۆتا ڕۆژى سەردانى شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بۆ پۆڵندا، لەگەڵ ڕاگرایەتى فاکەڵتى ئەندازیارى تەلارسازى (Faculty of Architecture of Poznan University of Technology) زانکۆى پۆزنان ڕێککەوتنێکى گرنگیان ئەنجامدا.
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١٢/٥/٢٠٢٣) لە فاکەڵتی ئەندازیارى تەلارسازى زانکۆى پۆزنان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و شاندى یاوەری لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر باربارا سویت یانکۆڤسکا (Prof. Dr. Barbara Swit-Jankowska) یاریدەدەرى ڕاگر بۆ کاروباری فێرخوازان (Vice-Dean for students Affairs at Faculty of Architecture) کۆبوەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر یاریدەدەر ئادەم نادۆلنی (Associate Prof. Adam Nadolny) ڕێکخەری هاوکاری نێودەوڵەتی لە فاکەڵتی تەلارسازی (Coordinator for International Cooperation of Faculty of Architecture) و ژمارەیەک مامۆستای ئەکادیمی لە فاکەڵتی تەلارسازی بەڕێوەچوو، بەگرنگیەوە باس لە چۆنیەتى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان کرا.
بۆ ئەو مەبەستەش لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنامەى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى پۆزنان هەردوولا لەسەر چەند خاڵ و میکانزمێکە گرنگ ڕێککەوتن بۆ چۆنیەتى پراکتیزەکردنى ئەو ڕێککەوتنامەیە، ئەوانیش بریتبوون لە پێکهێنانی گروپی توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان بەش و کۆلێژە هاوبەشەکان، ئاڵوگۆڕی ستافى زانستى و فێرخوازان لە ڕێگەى بەرنامەى ئیراسمۆس پڵەس، جگە لەوانەش ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی نوسینگەیەکى هاوبەشى ڕاوێژکارى لە بوارى ئەندازیارى، هاوکات هەردوو بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى لە بوارەکانی ئەندازیارى تەلارسازى گەیشتنە داڕشتنى میکانزمێکى هاوبەش، لەلایەکى دیکەوە ڕەخساندنى دەرفەت بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا ماستەر و دکتۆر خاڵێکى دیکەى ڕێککەوتنى نێوانیان بوو.
لەلایەکى دیکەوە فاکەڵتی تەلارسازی لە زانکۆى پۆزنان خواستى زانکۆکەیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەى ئاوەدانى کوردستان دوپاتکردەوە بەتایبەت لە شارى هەولێر و لە بوارى تەلارسازیدا، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پاڵپشتى و کارئاسانى زانکۆى بۆ ئەو خواستە دوپاتکردەوە.
بەو شێوەیە شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و ئەندامیەتى هەریەک لە دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، دکتۆر ساڵح زێبارى بەڕێوەبەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆ بەخەرمانێک دەسکەوتى زانستى کۆتاییان بەسەردانەکەیان هێنا و گەڕانەوەى هەرێمى کوردستان.