زانکۆى جیهان-هەولێر لە نوێترین ڕیزبەندى نێودەوڵەتى (Times Higher Education ) بەریتانى یەکەمى سەر زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و دوەمى عێراقە
لە ڕیزبەندیەکى دیکەى نێوەوڵەتیدا؛ زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستانە، هاوکات لەسەر ئاستى عێراقیش لە ڕیزبەندى دووەمى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکان هاتووە، هەروەک لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش لە ڕیزبەندى (251)دایە.
ئەمڕۆ هەینى ڕێکەوتى (22/11/2024) ڕیزبەندى تایمزى بەریتانى بۆ خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى زانکۆکانى جیهان بۆ پسپۆڕییەکان (Interdisciplinary Science Rankings 2025) نوێترین ڕاپۆرتى بڵاوکردەوە، کە بەپشت بەستن بە (3) بنەماى سەرەکى و (11) پێوەر؛ ڕیزبەندى بۆ زانکۆکانى نەوەد و دوو وڵات لەسەر ئاستى وڵاتانى جیهان کردوە، بنەما و پێوەرەکانیش بریتین لە:
- (Inputs) بەڕێژەى (% 19): لەم بنەمایەدا دوو پێوەر دیایکراوە، کە ڕێژەى (% 8) بۆ پارەدارکردنی توێژینەوە زانستییە فرە پسپۆڕییەکان دیاریکراوە، هەروەک (% 11)یش بۆ پارەدارکردنی بوارى پیشەسازی دیاریکراوە.
- (Process) بە ڕێژەى (16%): لەم بنەمایەشدا چوار پێوەر دیاریکراوە، کە ڕێژەى (% 4) بۆ پێوەرى سەرکەوتن دانراوە، (% 4)یش بۆ ئاسانکاری ماددى ، هەروەک ڕێژەى (4 %)یشیان بۆ پاڵپشتی کارگێڕى، لەهەمان کاتدا ڕێژەى (% 4) بۆ پرۆسەی بەرزکردنەوەى دیاریکراوە.
- بنەماى سێیەمیش کە ڕێژەى (% 65) بۆ دیاریکراوە تایبەت بە (Outputs)؛ لێرەش پێنچ پێوەر دیریکراوە، کەڕێژەی (% 10) وەک پێوەرێک بۆ بڵاوکردنەوەى ژمارەى توێژینەوە زانستیەکان لە پسپۆڕییە جۆراوجۆرەکان دانراوە، هەروەک ڕێژەى (% 5) ى بۆ ڕێژەى بڵاوکردنەوەى توێژینەوە زانستیەکان لە پسپۆڕیە جیاکان دیاریکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەى (% 5) بۆ سودى توێژینەوەکان لە دەرەوەى پسۆڕییەکان دانراوە، هەروەک کواڵیتی توێژینەوەی زانستی فرە پسپۆڕی ڕێژەى (20%)ى بۆ دانراوە، لە کۆتایشدا ناوبانگ ڕێژەى (% 25)ى بۆ داناوە.
پاڵپشت بەم سێ بنەما و یازدە پێوەرە زانستیە، زانکۆى جیهان-هەولێر توانى ئەو دەسکەوتە زانستیە گرنگە بەدەست بهێنێ، بەدەستهێنانى ئەم پلەیەش هاوتایە لەگەڵ پابەندبوونی زانکۆى جیهان-هەولێر بە ئامانجەکانى پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان و گرنگیدان بە توێژینەوەی زانستی، کە بەردەوام لەبەر ڕۆشنایی ستراتیژ و پلانى تۆکمە کار دەکات، بۆ ئەوەی زانکۆى جیهان-هەولێر وەک دامەزراوەیەکى ئەکادیمى بەردەوام بێت لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی و هەمیشە چرایەکی زانستی ڕوناک بێ لە ئاستى کوردستان و عێراق و جیهان.
لەم ڕیزبەندییەى تایمزى بەریتانى بۆ پسپۆڕییەکان لە زانکۆکان (Interdisciplinary Science Rankings 2025)؛ زانکۆکانى نەوەد و دوو وڵات کێبڕکێیان کردوە، لەسەر ئاستى عێراق لە کۆی زیاتر لە (150) زانکۆی حکومی و تایبەت، تەنها (12) زانکۆ پۆلێنکراون، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی جیهان- ههولێر توانیویەتى پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمى کوردستان و، لەسەر ئاستى عێراقیش دوای زانکۆی بەغداد بە پلەی دووەم هاتووە، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش لە پلەی (٢٥١)دایە.
بۆ خوێندنەوەى تەواوى نوێترین ڕاپۆرتى ڕیزبەندییەى تایمزى بەریتانى بۆ پسپۆڕییەکان لە زانکۆکان (Interdisciplinary Science Rankings 2025) ، کلیک لەم بەستەرەدا خوارەوە بکەن:
https://www.timeshighereducation.com/interdisciplinary-science-rankings