زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لەگەڵ کۆمپانیاى هواوى واژۆ کرد
بۆ گرنگیدانى زیاترى پەیوەندییەکانى نێوانیان و، ئەنجامدانى پڕۆژەى هاوبەش و، سوودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر، زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ کۆمپانیاى هواوى بۆ تەکنەلۆژیاى گەیاندن ڕێککەوتنامەیەکیان واژۆ کرد.
ڕۆژى چوار شەممە ڕێکەوتى (٣٠/١١/٢٠٢٢) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەئامادەبوونى دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەری سەرۆكى زانکۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و فێرخوازان پێشوازى لە شاندێکى کۆمپانیاى هواوى لە عێراق بەسەرۆکایەتى دکتۆر ڕافد ئەلفخاجى کرد.
لە دیدارێکدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، ئینجا کورتەیەکى لەبارەى دامەزراوەى جیهان بۆ پەروەردە و خوێندنى باڵا بەگشتى و، زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت پێشکەش بەشاندى میوان کرد، لەهەمان کاتدا باسى لە چۆنیەتى گەشەسەندنى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ئەو دەسکەوتە زانستیانە کرد، کە لەماوەى تەمەنیدا بۆ بوارى خوێندن و زانست و پێگەیاندنى فێرخوازان بەدیهێناوە، بۆ ئەوەش پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر توانیویەتى متمانەى دامەزراوەى ئەکادیمی نێودەوڵەتی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن لە دامەزراوە ئەکادیمییە بەناوبانگەکانی ئەڵمانی و بەریتانیا (ASIC & Zeva) بەدەستهێناوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: لە نوێترین وەشانى وێبسایتى (World Scientist and University Ranking-AD Scientific Index) زانکۆى جیهان-هەولێر و زانایانى پلەى یەکەمیان لەسەر ئاستى زانکۆ و زانایانى لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەدەستهێناوە، لەهەمانکاتدا لەسەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى عەرەبیش زانکۆى جیهان-هەولێرلە پلەى (95)دا هاتووە، وتیشى مایەى خۆشحاڵیە زانکۆکەمان لە بوارى خوێندنى ئۆنلاین پێشەنگى سەرجەم زانکۆکانى عێراق و هەرێمى کوردستانە، هەر ئەوەش وایکرد لەسەردەمى کۆرۆنادا سوود لە ئەزمونى سەرکەوتویی زانکۆى جیهان-هەولێر وەربگیرێ بۆ خوێندنى (E-Learning)، جگە لەوەش لە بوارى کردنەوەى بەشى زانستى زانکۆکەمان دەستپێشخەریکردوە بۆ کردنەوەى کۆمەڵێک بەش، کە پێویستبون بۆ بازاڕى کار.
لە بوارى تەکنەلۆژیاش، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر دەرگاى کراوەیە بەڕووى کۆمپانیاى هواوى بۆ جێبەجێکردنى هەر بیرۆکەیەک و پراکتیزەکردنى پرۆژەى جیا، چونکە زانکۆى جیهان-هەولێر ئەخوازێ بەردەوام لە بوارى تەکنەلۆژیا لەگەڵ پێشکەوتنەکانى سەردەم بڕوات.
لە بەرامبەردا، دکتۆر ڕافد ئەلفخاجى سەرۆکى شاندى کۆمپانیاى هواوى لە عێراق دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆى بەو پێشکەوتنە زانستیەى زانکۆى جیهان-هەولێر دەربڕى، کورتەیەکى لەبارەى مێژوى دامەزراندنى هواوى لە ساڵى (١٩٨٨) تا ئێستا باسکرد، پاشان بەگرنگیەوە باسى لە ڕۆڵى تەکنەلۆژیا لە بەڕێوەبردنى کار و ڕایکردنى کاروبارى هاوڵاتیان کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەى بەو پەیوەندییە فراوانە کرد، کە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە جیاکان هەیانە، هیواشى خواست لە ڕێگەى ئەو ڕێکەوتنامەیەى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر ئەنجامى دەدەن ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانیان بەرەوپێشچونى زیاتر بەخۆیەوە ببینێ و، بتوانن هەماهەنگ و هاوکارى یەکتر بن لە پێناو پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار بەتەکنەلۆژیاى زانیارى.
پاشان لە مەراسیمێکدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر ڕافد ئەلفخاجى سەرۆکى شاندى کۆمپانیاى هواوى لە عێراق ڕیککەوتنامەى هاوبەشى نێوانیان ئیمزا کرد.
وەک لە ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە، کۆمپانیاى هواوى کار دەکات بۆ پرۆگرامەکانی ڕاهێنان و لە زانکۆ لە ڕێگەی سەرچاوە ئۆنلاینەکانی پرۆگرامی ئەکادیمیای زانیاری و تۆڕی ڕێگەپێدراوی هواوی (HAINA) ،هەروەها کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی زانکۆ وەک ئەکادیمیای پەروەردەی ICTی هواوی، و ناساندنی پرۆگرامە ئەکادیمییەکانی هواوی بە فێرخوازان بەپێی تواناکانی زانکۆ، جگە لەوەش کۆمپانیاى هواوی بانگهێشتی زانکۆ دەکات بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێی ICT ی هواوی و تۆوەکانی هواوی بۆ بەرنامەکانی داهاتوو.
لە بەرامبەردا، زانکۆى جیهان-هەولێر پۆلی ئۆنلاین دابین دەکات بۆ پێشکەشکردنی ڕاهێنانی ئۆنلاین بۆ فێرخوازان، بەشێوەیەک ساڵانە لانیکەم (10) خولی ڕاهێنانی ئۆنلاین پێشکەش بکەن، هەروەها . پشتگیریکردنی فێرخوازانى دەرچووی (HAINA) بۆ کارکردن لەگەڵ هواوی و دابینکردنى پێداویستییەکانی فێرخوازان، لەگەڵ چەندین بڕگە و بابەتیى دیکە کە بڕیار وایە بۆ ماوەى سێ ساڵ ڕێککەوتنامەکە کار بێ .