زانکۆى جیهان-هەولێر (445) سکۆلەرشیپى پێشکەش بەدەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی کرد
لە بەردەوامى پلان و بەرنامە درێژخایەنەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ گرنگیدان و ڕەخساندنى دەرەفتى لەبارە و گونجاو بۆ فێرخوازان و دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی، بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2022) بڕیارى بەخشینى (445) سکۆلەرشیپدا.
لەو چوارچێوەیەدا و، دواى ئەوەى خوازیاران داواکانیان پێشکەش کرد بۆ وەرگرتنى سکۆلەرشیپەکان لە بەشە جیاکانى زانکۆى جیهان، لە ئەنجامدا ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (13/3/2023) بەفەرمانى زانکۆى ژمارە (52) ناوى سەرجەم ئەو خوازیارانە ئاشکرا کرا، کە توانیویانە سکۆلەرشیپەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2022) بەدەست بهێنن.
پێشتر سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر لە دەستپێشخەریەکیدا و بۆ بەدیهێنانى خواست و ئارەزوى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی بەتایبەت خاوەن تێکرایی نمرە بەرزەکان ڕایگەیاند، ژمارەیەک کورسى خوێندن لە بەشە جیاکانى زانکۆ وەک سکۆلەرشیپ ( داشکاندنی لە کرێی خوێندن بە پێی نمرە) دەبەخشێت بەدەرچوانى دوانزەى ئامادەیی، جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە، داشکاندن و بەخشینەکە لە ڕێژەى (20 تا 100) لە کرێى خوێندن دەگرێتەوە، ھاوپێچ لەگەڵ فەرمانی زانکۆیی تایبەت بەو بابەتە ڕێژەى بەخشینەکەش بۆ هەریەک لەو فێرخوازانە بڕیارى لەبارەوە درا.
سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم ئەو فێرخوازانە کرد، کە توانیویانە ئەو سکۆلەرشیپانە بەدەست بهێنن، هەروەک پیرۆزبایی لەسەرجەم وەرگیراوانى قۆناغى یەکەم لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکەن، دوپاتیشى دەکاتەوە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ لە کەرتى تایبەت بەردەوام هانى گەنجان دەدات و دەرفەتى گونجاویان بۆ دەڕەخسێنێ تا پەرە بەتوانا و لێهاتوەکانیان لە بوارە جیاکان بدەن.