مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەبێتە ڕاهێنەرى ڕاهێنەرانى ئاسیا بۆ یارى فوتساڵ
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٥/٣/٢٠٢٣) لە هۆڵى وەزارەتى وەرزش و لاوانى لە بەغدادى پایتەخت، خولى ڕاهێنانی ڕاهێنەرانى ئاسیا بۆ ئاستی دووی (LEVEL2) بۆ فوتساڵ لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە هاوکاری یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەستى پێکرد و، مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک ڕاهێنەر بەشدارى لە خولەکەدا کردوە.
لە مەراسیمى کردنەوەى خولەکەدا عەلی عەبدولحوسێن سەرۆکی لیژنەی تۆپی پێی فوتساڵ لە وتەیەکیدا سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە ڕۆڵیان هەبوو لە ڕێکخستنی ئەم خولەدا، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە یەکێتی تۆپی پێی عێراق هەوڵى تەواو دەدات بۆ پەرەپێدانی ستافی تەکنیکی لە هەموو یانەکانیاندا، ئاماژەی بەوەشکرد: پەرەپێدانی لایەنی تەکنیکی ستافی ڕاهێنەرایەتی، لەڕێگەی ڕێنماییەکانی AFC، بووەتە شتێکی زۆر پێویست، هەروەک جەختیشکردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی ئەو جۆرە خولانە کە ئامانجی پەرەپێدانە بەیارى فوتساڵ لە عێراق.
هەر بەو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر “وميض شامل كامل” مامۆستا لە بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لەهەمان کاتدا وەک وانەبێژ و ڕاهێنەرى ڕاهێنەران بەشداریکردوە، لە وتەیەکیدا ڕۆڵى سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی تۆپی پێی فوتساڵى بەرز نرخاند، لە هەمان کاتدا سوپاسی فیدراسیۆنە عێراقی و ئاسیاییەکانی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە خولانە، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر پەرەپێدانی ڕاهێنەرە عێراقییەکە و زیادکردنی زانیارییە تەکنیکییەکانی و ئاشنابوون بە دوایین پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانى یارییەکە.
لەو خولەدا، کە بۆ ماوەى (٦) شەش ڕۆژ لە ڕێکەوتى (١٥-٢١/٣/٢٠٢٣) بەردەوام دەبێ (٢٠) ڕاهێنەرى یارى فوتساڵ (ئاستى دووەم) لە پارێزگا جیاکانى عێراق بەشداریان تێدا کردوە و، ڕۆژانە بەشێوەیەکى تیۆرى و پراکتیکى لەلایەن مامۆستایانى خولەکە و، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر “وميض شامل كامل” مامۆستا لە بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەبەشداربوان دەوترێتەوە، کە تیایدا ڕاهێنانیان لەسەر شێوازی مۆدێرن پێدەگرێ، ئەوەش لەسەر بنەماى پرۆگرامێکی تایبەتى فیدراسیۆنی ئاسیا بۆ یارى فوتساڵ.