
فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییەکى کارایان لە پاڵەوانیەتی تێنسی سەر مێزی زانکۆکان کرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 3, 2026
لە بەیانی ڕۆژی ۱ی تشرینی دووەمی ۲۰۲٦، یارییەکانی ڕۆژی دووەم و قۆناغی دووەمی پاڵەوانیەتی تێنسی سەر مێزی زانکۆکانی هەرێم بەڕێوەچوو، ئەم ڕۆژە بە یەکێک لە یەکلاکەرەوەترین و بەهێزترین ڕۆژەکانی پاڵەوانیەتیەکە دادەنرا، چونکە سەرجەم ئەو یاریزانانەی لە قۆناغی کۆمەڵەکانەوە سەرکەوتبوون، خاوەن ئاستێکی بەرز بوون و بە ئامانجی گەیشتن بە قۆناغی نیوەی کۆتایی لە هۆڵی یارییەکان کۆببوونەوە.
بەپێی ڕێنماییە هونەرییەکانی ڕۆژی دووەم، یارییەکان بە سیستمی دەرچوونی ڕاستەوخۆ (إسقاط فردي) بەڕێوەچوون، کە تێیدا هەر دۆڕانێک بە واتای ماڵئاواییکردنی ڕاستەوخۆ لە پاڵەوانیەتیەکە دەهات.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، (مولود ئەسعەد عەلی) یەکێک لە فێرخوازە بەشداربوەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر ڕووبەڕووی فێرخوازێکى زانکۆی چەرموو بووەوە، یارییەکە بە ئاستێکی پر لە ڕکابەری و تاکتیکی بەرز بەڕێوەچوو، بە شێوازێک لە سێتی یەکەمدا یاریزانەکەی زانکۆی چەرموو دەستپێکێکی باشتر و کاراتری هەبوو و توانی سێتەکە بە ئەنجامی (۱۱-۷) پێش خۆی ببات، بەڵام لە سێتی دووەمدا فێرخوازەکەى زانکۆی جیهان-هەولێر توانی بە ئاستێکی باشتر و ڕێکخراوتر بگەڕێتەوە ناو یارییەکە و سێتەکە بە ئەنجامی (۱۱-۹) لە بەرژەوەندی خۆی بەکۆتا بێنێت.
پاشان لە سێتی سێیەمدا یارییەکە چووە قۆناغێکی پڕ دڵەڕاوکێ و هەستیارترەوە و تێیدا فێرخوازەکەى زانکۆی چەرموو دووبارە باڵادەستی خۆی نیشاندا و بە ئەنجامی (۱۱-٦) سێتەکەی بردەوە. لە سێتی چوارەم و یەکلاکەرەوەدا ململانێی ڕاهێنەرایەتی و تاکتیکی گەیشتە لووتکە، بەتایبەت لە گۆڕینی پلانی یاری لە لایەنی بەرگرییەوە بۆ بەرگریی چالاک، بەڵام جێگیریی لایەنی دەروونی (Psychological Advantage) و ورەی بەرزی یاریزانەکەی زانکۆی چەرموو بەهۆی پێشەنگبوونی بە ۲ سێت، فاکتەری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی ئەم سێتەش بە ئەنجامی (۱۱-۸) لە بەرژەوەندی خۆی بپچڕێت و سەرکەوتن بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی بەدەستبێنێت.
بە بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامە (۳-۱ لە سێتەکاندا)، دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی شایستە و پڕ لە ڕکابەری لەلایەن (مولود ئەسعەد عەلی)، بەکۆتاهاتنی ئەم یارییە کۆتایی بە بەشداری و ئومێدەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر هات لە پاڵەوانیەتیی ئەمساڵی تێنسی سەر مێزی زانکۆکانی هەرێمدا.



