
تیمى فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر گەیشتنە قۆناغی دووەمی پاڵەوانیەتی تێنسی سەر مێزی زانکۆکان
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 2, 2026
لە میانەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی ڕۆژی یەکەمی پاڵەوانیەتی تێنسی سەر مێزی زانکۆکانی هەرێم، هەڵبژاردەی زانکۆی جیهان-هەولێر توانی بلیتێکی سەرکەوتن بۆ قۆناغی دووەمی پاڵەوانیەتیەکە مسۆگەر بکات.
پاڵەوانیەتیەکە، کە لە زانکۆی سلێمانی بە ئاستێکی بەرزی هونەری و بە سیستمی تاکی بەڕێوەدەچێت. لە کۆبوونەوەی هونەریی دەستپێکی پاڵەوانیەتیەکەدا، سەرجەم یاریزانە بەشداربووەکانى زانکۆکان بەسەر ۱۰ کۆمەڵەی جیاوازدا دابەشکران؛ بە شێوازێک هەر کۆمەڵەیەک لە ٤ یاریزان پێکهاتبوو و، هەر یاریزانێک ۳ یاری ئەنجامدا. بەپێی ڕێنماییەکانی پاڵەوانیەتیەکە، پلەکانی یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک بەڕاستەوخۆ بۆ قۆناغی دووەم سەردەکەون.
لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکاندا، (مولود ئەسعەد عەلی) فێرخوازى زانکۆی جیهان-هەولێر ئاستێکی نموونەیی و بەرزى لە یارییەکانیدا پێشکەش کرد، دواتر بە بڕیاری دادوەران لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر فێرخوازێکى زانکۆی هەڵەبجە بە ئەنجامی (۳-۱) سێت لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کردەوە، پاشان لە یاریی دووەمدا بەرامبەر فێرخوازێکى زانکۆی کۆمار ڕووبەڕوو بووەوە، بۆ ئەوەش لە یارییەکی پڕ ڕکابەریدا بە ئەنجامی (۳-۲) سێت یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا و گەیشتنی بە قۆناغی داهاتوو مسۆگەر کرد.
لەگەڵ ئەوەی سەرجەم فێرخوازانی هەڵبژاردەی زانکۆی جیهان-هەولێر لە بەرامبەر یاریزانانی زانکۆ بەشداربووەکاندا ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد، بەهۆی بەرزیی ئاستی ڕکابەرییەکانەوە تەنیا یەک یاریزانی زانکۆکە توانی بلیتی پەڕینەوە بۆ قۆناغی دووەم بەدەستبێنێت.
بڕیارە لە ڕۆژی دووەم و قۆناغی دووەمی پاڵەوانیەتیەکەدا، یارییەکان بە سیستمی دەرچوونی ڕاستەوخۆ بەڕێوەبچن، کە تێیدا فێرخوازى سەرکەوتووی زانکۆی جیهان-هەولێر بەرامبەر فێرخوازێکى زانکۆی چەرموو ڕووبەڕوو دەبێتەوە.



