
فێرخوازانی بەشی یاسا سەردانێکی مرۆڤدۆستانەیان بۆ خانەی بێسەرپەرشتان بەڕێوەبرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 3, 2026
ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی ٢/١١/٢٠٢٦، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە بەشی یاساى زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی خێرخوازیی مرۆڤدۆستانەیان بۆ خانەی بێسەرپەرشتان ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (سامان حسن علی) بەڕێوەچوو، لەگەڵ گەیشتنیان بۆ خانەکە، فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن خاتوو (ژینۆ ئازاد) بەڕێوەبەری دامەزراوەکەوە پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەوەش سوپاسى فێرخوازانیکرد بۆ ڕێکخستنى ئەم دەستپێشخەرییە مرۆڤدۆستانەیە، بەتایبەت کە فێرخوازان پێداویستییە سەرەکییەکانیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە و، یارمەتیدەرن لە دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەکانى خانەکەیان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا خاتوو ژینۆ ئازاد باسى ئەو ئاڵنگارییانەی کرد، کە ڕووبەڕووی چاودێریکردنی ئەم منداڵانە دەبنەوە، هەروەها گرنگیی پشتیوانیی کۆمەڵگەی لە بەردەوامیی ئەم کارەدا خستەڕوو. جگە لەوەش ئاماژەی بە هەندێک ئاڵنگاریی دیکە کرد، لەوانە: یاسایی، دەروونی، دارایی و گرفتەکانی دیکەی پەیوەست بە دەرهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکان بۆیان.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى یاسا لەگەڵ منداڵەکانى خانەکەدا کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ کرد، پاشان هاوکارییەکانیان بەسەردا دابەشکردن، بۆ ئەوەش فێرخوازان جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی پشتیوانی و هاوکاری بۆ خانەکە لە داهاتوودا.
لە بەرانبەردا، ژینۆ ئازاد سوپاسى فێرخوازانى بەشی یاساى کرد و، داوای لێکردن سەردانی دیکەش بکەن لە داهاتوودا، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە تەنها سەرچاوە بنەڕەتییەکان بۆ منداڵە کەمدەرامەتەکان دابین ناکەن، بەڵکو هیوایان پێدەبەخشن بە بوونی کۆمەڵگەیەکی هاوکار و پشتبەستوو لە دەوربەریان.



