زانکۆى جیهان پاڵپشتى هەنگاوەکانى پێشخستنى تواناى زانستى وەزارەتى پێشمەرگە دەکات
بۆ شوڕکردنەوە و جێبەجێکردنى ڕێککەوتننامەى نێوان زانکۆى جیهان و وەزارەتى پێشمەرگە وەفدێکى وەزارەت سەردانى (زانکۆى جیهان-هەولێر)یان کرد و، لەگەڵ (پ.د. ئەمجەد سابر) سەرۆکى زانکۆ گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى ڕێککەوتنامەکەیان کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢١) پ.د.ئەمجەد سابر دەلۆ پێشوازى لە وەفدێکى وەزارەتى پێشمەرگە بەسەرۆکایەتى (لیوا دلێر میران) بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە کرد.
لە کۆبونەوەیەکدا، کە بەئامادەبوونى (د.عبدالستار کەریم سەعید) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ و، (عەمید کاروان) بەرێوەبەرى سەنتەرى زمان لە وەزارەتى پێشمەرگە و ژمارەیەک لە لێپرسراوان و فەرماندەى وەزارەتى پێشمەرگە بەڕێوەچوو، چەندین بابەتى هاوبەشى نێوان هەردوولا خرانەبەر باس.
لە سەرەتادا، پ. د.ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، ڕایگەیاند: دڵخۆشم کە لە وەزارەتى پێشمەرگە سەنتەرێکى پێشکەوتوو هەیە و، بایەخ بەو بوارانە دەدات، کە گرنگن بۆ پەرەپێدان بە توانا زانستى و تەکنەلۆژى و زمانەوانى و سەربازییەکانى پێشمەرگە، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتى و پشتیوانیتان دەکات بۆ سەرخستنى کار و پڕۆژە و بەرنامەکانتان.
سەرۆکى زانکۆى جیهان، وتى: زانکۆکەمان لەماوەى لە ڕابردوودا کۆمەڵێک خول و وۆرکشۆپى بۆ مامۆستایانى ئاینى لە وەزارەتى ئەوقاف و وەزارەتى پەروەردە کردۆتەوە، بەهەمان شێوە ڕێکەوتنامەکیشمان لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە ئیمزا کردوە، بۆیە وەک زانکۆى جیهان کە لە (٢٢) بەشى زانستى پێکهاتووە هەموو تواناى زانکۆ دەخەینەبەردەستان بۆ باشکردنى دۆخى وەزارەت لە ڕووى (کارگێڕى، تەکنەلۆژى، زمانەوانى، زانستى و هەر بوارێک کە وەزارەت پێویستى پێ بێ)، ئەوەشى ڕاگەیاند: جگە لە تواناى زانکۆ، وەزارەتى پێشمەرگە ئەگەر لە دەرەوەى زانکۆش پێویستى بەهاوکارى بوو، زانکۆ ئامادەیە هاوکاریتان بکات و پێداویستیەکانتان بۆ دابین بکات، لە کۆتایدا هیواى خواست وەک وەزارەت پێداویستیە لە پیشنیەکانیان دیارى بکەن و بەپێى گرنگى پۆلێنیان بکەن تا بتوانن کارى لەسەر بکەن، وتیشى ئومێد دەکەم، ئەم ڕێکەوتنە دەروازەییەکى گرنگە بەڕووى وەزارەتى پێشمەرگە بکاتەوە بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى تواناى زانستى و تەکنەلۆژی کارمەندانى وەزارەتى پێشمەرگە.
لە بەرامبەردا، (لیوا دلێر میران) بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە بەناوى وەزارەت سوپاسى ئەو پێشوازى و پشتیوانیەى سەرۆکى زانکۆى جیهانى کرد و وتى: زۆر سوپاستان دەکەین و هاوکارى و پشتیوانیەکانتان بەرزى دەنرخێین، وتیشى ئەو ڕێککەوتننامە زۆر بەگرنگەوە لێى دەڕوانین، چونکە وەک وەزارەت زۆر پێویستمان بەمامۆستا و تواناى زانکۆ هەیە، ئێمە بوارەکەمان تەنها پەیوەندى چەک و تەقەمەنى نیە، بەڵکو زۆر بوارى دیکە هەیە پێویستمان بەهاوکارى و پشتیوانى زانکۆ هەیە، بەتایبەت لە بوارى تەکنەلۆژیا و زمان بەتایبەت زمانى ئینگلیزى و عەرەبى چونکە زمانى ئینگلیزى زمانى سەردەمە.
سەبارەت بەتواناى زانستى وەزارەتى پێشمەرگە، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە ڕایگەیاند: (٤٠%) هێزەکانى پێشمەرگە خاوەن بڕوانامەن، مایەى خۆشحاڵیشە، کە ئێستا ئاراستەیەکى زانستى لەناو پێشمەرگەیە هەیە بۆ پەرەپێدان بەتوانا زانستى و سەربازى و تەکنەلۆجى و لێهاتوییەکانیان.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا، وەفدى وەزارەتى پێشمەرگە دیارییەکیان پێشکەش بە سەرۆکى زانکۆى جیهان/ هەولێر کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، وەفدى وەزارەتى پێشمەرگە هاوڕێ لەگەڵ (د.عبدالستار کەریم سەعید) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ، بەشە جیاکانى (زانکۆى جیهان-هەولێر)یان بەسەرکردەوە، بەتایبەت بەشەکانى تەکنەلۆژیاى زانیارى و کۆمپیوتەر.