د.ئەمجەد سابر: دەبێ هەموو هەوڵەکانمان بۆ بەرزکردنەوەى زیاتر ڕیزبەندى زانکۆکەمان بخەینەگەڕ
سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى زانکۆکانى کوردستان لە پێشەنگى زانکۆکانە، بەهەمان گڕوتین دەبێ هەوڵبدەین لەسەر ئاستى جیهانیش زانکۆى جیهان بکەینە پێشەنگى زانکۆکان.
ئەو ڕاگەیاندنەى پ.د.ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢١) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکیدا هات لەگەڵ هەردوو لێژنەى (ڕیزبەندى زانکۆکان و ئەکریدیتەیشن).
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، پ.د.ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان لە ڕووى کواڵیتى و ئاستى زانستى و ئەکادیمى یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى کوردستان، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ڕیزبەندییەکانى جیهان دەبێ کارى چڕ بکەین بۆ ئەوەى ناو ناوبانگى زانکۆکەمان ڕەنگدانەوەى ناوەڕۆکەکەى بێ، بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستمان بەکۆمەڵێک هەنگاو و کارى ورد هەیە.
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان ڕایگەیاند: کارى لە پێشیەنەى ئەو دوو لێژنەیەى کە پێکهاتووە کارێکى ورد و گرنگن، چونکە ئەگەر بمانەوێ زانکۆ بەرەو نێودەوڵەتى ببەین و لە ڕیزبەندییەکانى جیهان ڕەنگدانەوەى هەبێ هیچ ڕیگەى دیکەمان لە پێش نیە، جگە لە جێبەجێکردنى ئەو ئەرکانەى لەسەر ئەو دوو لێژنەیەیە، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆ ئەندامانى لێژنەکەى ڕاسپارد بەوردى و گوڕ و تین بڕۆنە ناو پێوەر و هەڵسەنگاندنى ڕانکینگەکان، بەشێوەیەک ئەو پێوەرانە ڕەنگدانەوەى لەسەر وێسایتى زانکۆ هەبێ، ئەمەش کارێکى گەورەیە و پێویستى بەپلان و هەنگاوى و میکانزم و ڕێگەى گونجاوە هەیە، کە ئەمڕۆ نەخشەڕێى ئەو کارە دادەنێین.
لەبارەى ئەکریدیتەیشن بەشەکان، پ.د.ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: دەبێ هەموو هەوڵێک بدەن بۆ بەدەستهێنانى ئەکریدەتشن بۆ دامەزراوە و یەکە یەکەى بەشەکان، لە هەنگاوى یەکەمدا پێویستە چەند بەشێک دەستنیشان بکەین، پاشان پلانى کار دابنێین.
لە بەشى کۆتای کۆبونەوەکەدا، لەلایەن ئەندامانى هەردوو لێژنەکە چەندین پێشنیاز خرانەڕوو و، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەگەڵاڵەکردنى چەند ڕاسپاردەیەک بۆ کارکردنى داهاتوو و چۆنیەتى جێبەجێکردنى هەنگاو بەهەنگاوى کارەکان کۆتایی بەکۆبونەوەکە هات.