زانکۆی جیهان-هەولێر، لەگەڵ زانکۆی ژێجیانگى پزیشکى چینی (Zhejiang) تاوتوێى پەیوەندییە زانستیەکانیان دەکەن
شاندی زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرۆکایەتی دکتۆر حەسەن فەهمی دەلۆیی لە بەردەوامى سەردان و دیدار و کۆبونەوەکانیدا لە کۆمارى میللى چین، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣)، سەردانى زانکۆی ژێجیانگى پزیشکى چینی (Zhejiang Chinese Medical University) کرد.
لە کۆبونەوەیەکدا؛ لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر دۆنگ مینهوا (Professor. Dong Minhua) یاریدەدەرى ڕاگرى کۆلێژی پەروەردەی نێودەوڵەتی زانکۆی پزیشکی چینی ژێجیانگ، چەند بابەتێکى گرنگیان تاوتوێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی نێودەوڵەتی (ZCMU) بەخێرهاتنی دکتۆر حەسەن فەهمی دەلۆیی نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێری بۆ کۆمارى میللى چین و زانکۆکەیان کرد، پاشان پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەى جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى نێوانیان کرد بەتایبەت بەڕێوەبردنى چالاکیی ئەکادیمیی جیاواز لە بواری ئاڵوگۆڕی ستافی ئەکادیمی و فێرخوازان و ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی و خوێندنی هاوبەش و بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى هاوبەش کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیدا؛ نوێنەرى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە زانکۆی ژێجیانگى پزیشکى چینی بەشە زانستی و تاقیگەکانی زانکۆکەى بەسەرکردەوە، لە کۆتایدا دکتۆر حەسەن فەهمى دەلۆیی سوپاسى پرۆفیسۆر دکتۆر دۆنگ مینهوا (Professor. Dong Minhua) یاریدەدەرى ڕاگرى کۆلێژی پەروەردەی نێودەوڵەتی زانکۆی پزیشکی چینی ژێجیانگ و، دکتۆر هوانگ زایوێ (Dr. HUANG ZAIWE)، بەڕێوەبەری پڕۆژەی نێودەوڵەتی و ستافی ئەکادیمی زانکۆکەى کرد بۆ بەهێزکردنى ڕایەڵەى پەیوەندییەکانى نێوانیان.