لە چین; زانکۆی جیهان-هەولێر ڕێککەوتنێک لەگەڵ زانکۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ژێجیانگ واژۆ دەکات
لە بەردەوامى سەردانەکەیاندا بۆ کۆمارى میللى چین شاندی زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرۆکایەتی دکتۆر حەسەن فەهمی دەلۆیی، ڕێککەوتنامەیەکى لەگەڵ زانکۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ژێجیانگ (Zhejiang International Studies University) واژۆ کرد.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣)، شاندێکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە زانکۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ژێجیانگ بە گەرمى لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر شینگ فۆکۆن (Prof. Dr. Xing Fukun) ڕاگری کاروبارى فێرخوازانى نێودەوڵەتی و ستافی ئەکادیمی پێشوازی لێکرا.
لە دیدارەکەدا پرۆفیسۆر دکتۆر شینگ فوکون بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و دواتر باسی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆکەیان و زانکۆی جیهان-هەولێر کرد. لە بەرامبەردا دکتۆر حەسەن فەهمی دەلۆیی کورتەیەکى لەبارەى زانکۆی جیهان-هەولێر و گەشەکردنى لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە و پێشکەوتنەکانی خستەڕوو، وتیشی: زانکۆکەمان خاوەن ئەزموونێکی زۆر و دەستکەوتی ئەکادیمی بەرفراوانە؛ باشترین بەڵگە ئەوەیە کە زانکۆکەمان لە زۆربەی ڕیزبەندییەکان بۆ زانکۆکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێشەنگە، وتیشى هیواخوازین لەگەڵ زانکۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ژێجیانگ پەیوەندییەکی بەهێز دروست بکەین بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەکانمان.
دوابەدوای کۆبوونەوەکە، دکتۆر حەسەن فەهمی دەلۆیی و، پڕۆفیسۆر دکتۆر شینگ فۆکۆن ڕێککەوتنامەیەکیان واژۆ کرد، خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکە هاوکاری نێوان هەردوو زانکۆ لەسەر ئاستی زانکۆ بەگشتی و کۆلێژ و بەشە جیاکان بەتایبەتی لەخۆدەگرێت. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕی وانەبێژ و ستافی ئەکادیمی لە نێوان زانکۆکانیان، لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین کۆنفرانسی ئەکادیمی هاوبەش لە ئایندەیەکی نزیکدا.