زانکۆی جیهان-هەولێر دەرفەتێکی جیهانی بۆ کۆرسێکى خوێندن و ڕاهێنان لە ئیسپانیا و فەرەنسا بۆ فێرخوازانى دەڕەخسێنێت
لە بەردەوامى هەوڵەکانى بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی فێرخوازان و، لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنامەیەکی ستراتیژی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆی شیلەری نێودەوڵەتی (Schiller International University) ، کە بەشێکە لە گرووپی پەروەردەی جیهانی (GEDU)،دەرفەتێکى ناوازە بۆ بەشداریکردن لە کۆرسێکى خوێندن و ڕاهێنان بۆ فێرخوازانى لە مەدرید و پاریس بۆ فێرخوازانى ڕادەگەێنێت.
ئەم کۆرس و پرۆگرامى ڕاهێنانە چڕوپڕە بۆ هاوینی ساڵی ٢٠٢٦ پلانى بۆ دانراوە، بۆ ئەوەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ئێستاوە دەتوانن ناوى خۆیان تۆمار بکە، کۆرسەکەش بەم شێوەیەی خوارەوە بەڕێوەدەچێت.
بۆ ئەوانەى دەخوازن لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا بەشداری بکەن، خولەکە لە ڕێکەوتى (٥ تا ١٨ی تەمموزی ٢٠٢٦) بەڕێوەدەچێ، لەم ماوەیەدا فێرخوازان لە کەمپەسی مەدریدى زانکۆی شیلەری نێودەوڵەتی ئاشنا دەبن بە نوێترین پەرەسەندنەکان لە بوارەکانی (بەرەوپێشبردنی کار و کارسازی) و( ژیریی دەستکرد)، کە یەکێکە لە گرنگترین بوارەکانی سەردەم.
بۆ ئەو فێرخوازانەشى دەخوازان لە پاریسى پایتەختى فەرەنسا بەشدارى بکەن، خولەکە لە ڕێکەوتى (١٩ی تەمموز تا ١ی ئابی ٢٠٢٦) بەڕێوەدەچێ ، بۆ ئەوەش فێرخوازان لە کەمپەسی پاریسى زانکۆی شیلەری نێودەوڵەتی، بەشداری خولێکى تایبەت لە بواری بزنس و کارسازی دەکەن .
ئەم کۆرسە؛ پرۆگرامە تەنها خولێکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر تاوەکو لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتیدا بخوێنن و، ئاشناى پێوەر و ژینگە نێودەوڵەتیەکانى خوێندن و فێربوون ببن.
هەر فێرخوازێکی ئارەزوومەند، کە دەخوازێت بەشدارى لەم کۆرسانە لە هەریەک لە وڵاتەکانى ئیسپانیا یان فەرنسا بکات، پێویستە بە زووترین کات سەردانی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی زانکۆی جیهان-هەولێر بکەن بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر.
هاوکات بۆ چۆنیەتی ناونووسین و خۆتۆمارکردن فێرخوازانى ئارەزوومەند دەتوانن لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن، کلیک لێرە بکە بۆ (بەستەرى ناونووسین و خۆتۆمارکردن) . رۆژى (٣٠/٤/٢٠٢٦) دواین ڕۆژە بۆ خۆتۆمارکردن.
لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە لەپێناو ئاشناکردنی فێرخوازانیەتى بە بازاڕی کاری جیهانی و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ فێرخوازان و مامۆستایانی نێودەوڵەتی. بۆ ئەوەش دکتۆر ماتیۆ ئەندرۆس، بەڕێوەبەری کەمپەسی پاریسى زانکۆی شیلەری نێودەوڵەتی ، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان ژینگەیەکی پاڵپشتیکار و ڕاوێژی پیشەیی (Career Advice) پێشکەش بە فێرخوازان دەکەن تاوەکو لە داهاتوودا ببنە سەرکردەی سەرکەوتوو لە بوارەکانی خۆیاندا.
بۆ زانیارى زیاتر دەتوانن کلیک لەسەر ئەم بەستەرانەى بکەن:
- بۆ دەسکەوتنى زانیارى وردتر لەبارەى کۆرسى ولاتى ئیسپانیا کلیک (لـــــــــــــێرە) بکە.
- بۆ دەسکەوتنى زانیارى وردتر لەبارەى کۆرسى ولاتى فەرەنسا کلیک (لـــــــــــــێرە) بکە.





