زانکۆی جیهان-هەولێر دەرفەتێکی نێودەوڵەتیی کۆرسى هاوینە لە وڵاتی چیک بۆ فێرخوازانی ڕادەگەێنێت
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندن و فراوانکردنی ئاسۆی زانستیی فێرخوازان، زانکۆی جیهان-هەولێر دەرفەتێکی ناوازە بۆ فێرخوازانى ڕادەگەێنێت بۆ بەشداریکردن لە کۆرسێکى هاوینەی نێودەوڵەتی (Summer School) بە ناونیشانی “تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (HSE)”، کە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی پالاسکی (Palacký University Olomouc)ی بەناوبانگ لە وڵاتی چیک بەڕێوەدەچێت.
ئەم کۆرسە بە شێوەیەکی تایبەت دیزاین کراوە بۆ فێرخوازانی پسپۆڕییەکانی ئەندازیاری تەلارسازی، تەکنیکیی تەندروستی، زانستەکان (Applied Sciences) وەک بایۆمێدیکاڵ و مایکرۆبایۆلۆجیی پزیشکی و سەرجەم ئەو بەشانەی کارکردن لە تاقیگەدا بەشێکی سەرەکیی خوێندنیانە. بەشداریکردن لەم دەرفەتە زێڕینە، ئەزموونێکی نێودەوڵەتیی گرنگ و بڕوانامەیەکی باوەڕپێکراو لە زانکۆیەکی پێشەنگی ئەوروپی بە فێرخوازان دەبەخشێت.
زانیارییە گشتیەکان لەبارەى کۆرسەکە:
- ماوەی کۆرس: ٥ ڕۆژی چڕ، کە ڕێکەوتى (٢١ تا ٢٥ی تەمموزی ٢٠٢٥ ( بەردەوام دەبێت و، بەشێوەیەکى گشتى ماوەی گەشتەکە ٧ ڕۆژ دەخایەنێت.
- ناوەڕۆکی کۆرس: بابەتە سەرەکییەکان بریتین لە بنەماکانی HSE لە ئەندازیاریدا، هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان، سەلامەتی لە شوێنی کار و تاقیگە، بەڕێوەبردنی پاشماوە، پلانی فریاکەوتن، سەردانی مەیدانی و وەرگرتنی بڕوانامەی بەشداریکردن.
- تێچوو: مەزەندە دەکرێت تێچووی بەشداریکردنی هەر فێرخوازێک (بەبێ تکتی فڕۆکە) نزیکەی ٨٠٠ دۆلاری ئەمریکی بێت، کە کرێی کۆرس، شوێنی مانەوە و، بەشێک لە چالاکییەکانی دیکە لەخۆدەگرێت.
- ژمارەی بەشداربووان: دەرفەتەکە سنووردارە بۆ نزیکەی ٢٠ تا ٢٥ فێرخواز.
هەر فێرخوازێکی ئارەزوومەند کە مەرجەکانی تێدایە، دەتوانێت لەم کۆرسەدا بەشدار بێت، بۆ ئەو مەبەستەش خوازیاران پێویستە ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٩/٦/٢٠٢٥) بە زووترین کات سەردانی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی زانکۆی جیهان-هەولێر بکەن بۆ خۆتۆمارکردن و وەرگرتنی زانیاریی زیاتر.
دوا مۆڵەت بۆ خۆتۆمارکردن، ڕۆژی یەکشەممە، کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆیە و دوای ئەو کاتە هیچ ناوێک وەرناگیرێت.