زانکۆی جیهان-هەولێر دەسکەوتێکى جۆری لە خوێندنی باڵادا تۆمار دەکات و، بابەتی “ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام”ى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکاتە ناو پرۆگرامە ئەکادیمییەکانی خوێندن
لە هەنگاوێکی پێشەنگدا کە ڕەنگدانەوەی دیدگای داهاتووخوازانە و پابەندبوونی قووڵیەتی بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، زانکۆی جیهان-هەولێر کۆرسێکی خوێندنی نوێ و داهێنەرانە بە ناونیشانی “ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN-SDGs)” و خستووتە ناو پرۆگرامەکانی خوێندن، ئەمەش لە وەرزی دووەمی خوێندنی ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) دەستی پێکردووە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆدا بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs) لە هزری فێرخوازان و، بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەکی وشیار بەرامبەر بە پرسە جیهانییەکان و بنیادنانی هۆشیارییەکی ڕاستەقینە سەبارەت بە داهاتووی جیهان و ئاڵنگارییەکانی. ئەو کۆرسەى خوێندن سەرجەم فێرخوازان لە قۆناغی یەکەم لە هەموو بەشە زانستیەکانى گرتەوە، پرۆگرامەکانى بابەتەکانیش بە شێوەی ئەزموونێکی زانستیی کارلێککارانە داڕێژراوە کە ئامانج لێی ئاشناکردنی فێرخوازانە بە حەڤدە ئامانجەکەی پەرەپێدانی بەردەوام، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراون، لەگەڵ بەستنەوەیان بە پڕۆژەی کرداریی واقیعی کە ڕۆڵی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی لە بنیادنانی داهاتوویەکی بەردەوامدا ڕوون دەکەنەوە، هەروەها لەم پرۆگرامى خوێندنەدا تێگەیشتنێکی بنەڕەتی سەبارەت بە ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام، گرنگیەکەى، پێویستى بابەتەکانى و، لایەنە جیاوازەکانى ئاشناى فێرخوازان دەکرێ، بەئامانجى ئەوەى فێرخوازان ببنە کارەکتەرێکى کارا و چالاک بۆ گۆڕانکاری و بەشداریکردن لە داهاتوویەکی بەردەوامتر و بەدیهێنانى ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان.
ئەم دەستپێشخەرییەى زانکۆى جیهان-هەولێر زیاتر پەیوەست کراوە بە لایەنی کرداریی، بۆیە لە ڕێگەى ئەو پرۆگرامەى خوێندن هانى فێرخوازان دەدرێ پڕۆژەی جێبەجێکاریی داهێنەرانە لە چوارچێوەى یەکێک لە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs) ئەنجام بدەن. لەبەر ڕۆشنایی ئەو پلانە ستراتیژییەدا لە ساڵى یەکەمدا چەند پرۆژەیەک لەلایەن فێرخوازان لە بەشە زانستیەکان ئەنجام دران و، لەلایەن “ئەنجومەنی پەرەپێدانی بەردەوام” لە زانکۆدا ستایشى زۆرى کار و هەنگاوەکانیان کرا، هاوکات ئەنجومەنەکە کاریگەرییە ئەرێنییە قووڵەکانى پرۆژەکانى لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی فێرخوازان و بەشداریکردنیان لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا سەبارەت بە پرسە ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەرز نرخاند. هاوکات، ئەنجومەنەکە گفتوگۆی لەسەر هەندێک لەو ئاستەنگانە کرد، کە لە ساڵى یەکەمدا ڕووبەڕووی هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى پرۆگرامەکە بوونەتەوە، بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر لە پرۆسەی پەرەپێدانی ئەم لایەنانەدایە بۆ بەرەوپێشبردنی کۆرسەکە بەرەو ئاستێکی بەرزتری کاریگەری و داهێنان بەردەوام دەبێ.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: ئەم ئامانجانە لەسەر بنەماى بونیادنانى تاک داڕێژراوە، بۆیە ئەم پرۆگرامەى خوێندن تەنها نابێتە بابەتێکى خوێندن، بەڵکو فێرخواز دەبێتە تەوەر و ڕەگەزێکى گرنگى بابەتەکە، بەجۆرێک دەبێ لە ژیانى ڕۆژانەى ڕەنگبداتەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: ئەرکە لەسەر مامۆستایان و سەرۆکایەتى بەشەکان؛ فێرخوازان بەجۆرێک ئاراستە بکەن، کە هەموو چالاکیەکیان لە ناو زانکۆ و دەرەوەى زانکۆ بچێتە خزمەتى ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ فێرخوازان گرنگى ئەو ئامانجانەیان بۆ شى بکرێتەوە، ئینجا ڕێگە ڕاستەکەیان پێ پیشان بدرێت. بۆ نەخشەڕێى پرۆگرامەکانى خوێندنى بابەتى (SDGs) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: بەپێى پسپۆڕى بەشەکان وردەکارییەکانى پرۆگرامەکانى خوێندنى بابەتى (SDGs) کارى لەسەر دەکرێ. سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەڵێت: بەدیهێنانى ئەم ئامانجانەى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام پێش هەر شتێک خزمەت بە مرۆڤایەتى دەکات، بۆیە ئەرکى سەرجەم مامۆستایان و فێرخوازان و فەرمانبەرانە بەوردى کارى لەسەر بکەن، چونکە بە جێبەجێکردنى ڕێژەى (٥٠%) ئامانجەکان لە وڵاتەکەمان، ئەوا دەبینە کۆمەڵگەیەکى پاک و بێ گرفت، مایەى خۆشحاڵیشە لە زانکۆى جیهان-هەولێر ژینگەیەکى لەبار بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجانە ڕەخساوە و، بۆردێکى پڕۆفێشناڵى نێودەوڵەتی پێکهاتووە، هاوکات لێژنەیەکیش لەسەر ئاستى زانکۆ دروست کراوە بۆ چاودێریکردنى جێبەجێکردنى کارنامەکان، چونکە ئێمە سورین لەسەر ئەوەى کارەکان بەباشى بڕوات و، لە قۆناغەکانى خوێندن جێبەجێ بکرێ.
بەم دەستکەوتە جۆرییە، زانکۆی جیهان-هەولێر پێگەی خۆی وەک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی پێشەنگ دەچەسپێنێت کە باوەڕی وایە فێرکردن دەروازەی گۆڕانکارییە و بە جددی هەوڵ دەدات بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ڕۆشنبیر، وشیار و شایستە، تاکو ببێتە بەشێک لە چارەسەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جیهانییەکان و بەدیهێنانی تەواوەتیی ئەجێندای ٢٠٣٠ و (١٧) ئامانجەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام.