زانکۆی جیهان-هەولێر گردبوونەوەیەکى بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخست
وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دەربڕینی هاوسۆزییەکی قووڵ بۆ خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژئاوای کوردستان، لە دژی ئەو شەپۆلە نوێیەی زوڵم، ستەم، داگیرکاری و سیاسەتی دەربەدەرکردن و چەوسانەوەی کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە بەرانبەر بە کوردانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە پەیڕەو دەکرێت، زانکۆی جیهان-هەولێر گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی و پشتگیریی فراوانی ڕێکخست.
لەو گردبوونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی (٢١/١/٢٠٢٦) بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەڕێوەچوو، فێرخوازانی زانکۆ بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانەوە، بە پۆشینی جلی ڕەسەنی کوردییەوە دیمەنێکی شکۆداریان خوڵقاند. فێرخوازان پەیامی هاوسۆزی و هاوخەباتیان بۆ برایانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپات کردەوە و ،بە توندی ئیدانەی ئەو پێشێلکارییە مرۆییانەیان کرد کە دەرهەق بە هاوڵاتیان ئەنجام دەدرێن، هاوکات داوایان لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد چیتر لە ئاست ئەو دەستدرێژیانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ سیاسەتی ڕاگواستنی زۆرەملێ دابنێن و پارێزگاری لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بکەن.
لەکۆتایی گردبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی ناوەندە ئەکادیمییەکان کرایەوە لە پشتگیریکردنی دۆزە نەتەوەییەکان؛ ئاماژە بەوە درا کە زانکۆی جیهان-هەولێر تەنها مەڵبەندێکی زانستی نییە، بەڵکو سەنگەرێکی نیشتمانییە بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەک کە هۆشیار بێت بەرانبەر بە پرسە چارەنووسسازەکانی گەلەکەی. بەشداربووان دووپاتیان کردەوە کە ئەم جۆرە گردبوونەوانە وەک پاڵپشتییەکی مەعنەوی بەردەوام دەبن، تا ئەو کاتەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە و هەموو ئاوارەکان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە سەر زێدی باوک و باپیرانیان، دوور لە هەڕەشەی داگیرکاری و چەوسانەوە.
ئەم چالاکییە وەک پەیامێکی ڕوون بوو بۆ جەختکردنەوە لە یەکگرتوویی گەلی کورد لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک کە ڕووبەڕووی ناسنامە و بوونیان دەبێتەوە لە هەر پارچەیەکی کوردستان.







