سەرۆکایەتى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان دەستپێشخەریەکی نوێى بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران ڕاگەیاند
لە بەرامبەر ئەو دەسکەوتە زانستیەى بۆ زانکۆکەیان لەماوەى ساڵى ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە، سەرۆکایەتى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان ستایشى مامۆستایان و ستافى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات و، لە دەستپێشخەریەکیشدا سەرۆکایەتى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان پاڵپشتى و پشتیوانى خۆیان بۆ پەرەپێدانى زیاتر بەتوانا زانستیەکانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى دوپات کردەوە.
ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢٢) لە هۆڵى (VIP)زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبوونى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و سەرۆکى بەش و مامۆستایان کۆبونەوەیەکى گرنگ بەڕێوەچوو.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، لە دوو وتەى جیادا سەرۆکى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان و، سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و، ستایشى و دەستخۆشیان لە (فێرخوازان و کارمەندان و مامۆستایان و ستافی دڵنیایی جۆری و سێنتەرەکانى توێژینەوەى زانکۆ و، تیمى ڕاگەیاندن و ئای تی) زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، کە توانیویانە ئاستى زانکۆکە لە ڕووى زانستى و ڕیزبەندیە جیهانیەکان بەرنەپێشەوە.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، سەرۆکایەتى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان دەستپێشخەریەکی نوێى ڕاگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا و لە پێناو پەرەپێدانى زیاتر بەتوانا زانستیەکانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆ ڕایانگەیاند: لێرە بەدواوە سەرۆکایەتى زانکۆ تێچوى هەر توێژینەوەیەکى زانستى دەگەرێتە ئەستۆ، کە لەلایەن مامۆستایان و ستافى زانکۆ لە بوارە جیاکان ئەنجام دەدرێت، هاوکات هانى مامۆستایان درا تا پلەى زانستیان بەرز بکەنەوە و توێژینەوەى ڕەسەن و ئاستبەرز ئەنجام بدەن.
لە بڕگەیەکى دیکەى دەستپێشخەریەکەى سەرۆکایەتى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان هانى مامۆستایان و فەرمانبەران و توێژەران درا بڕوانامەى باڵاتر لە پسپۆڕییەکانیان بەدەست بهێنن، بەشێوەیەک زانکۆ هاوکار و پشتیوانیان دەبێ.
زانکۆى جیهان-هەولێر لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا لە دوو ڕیزبەندى جیهانیدا ژمارەى پێوانەیی نوێى تۆمار کرد، بەشێوەیەک لە ڕیزبەندى سایتەیشن لە وێب ساینس (WoS) توانى پلەى یەکەمی زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێ و، لەسەر ئاستى زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانیش پلەى چوارەم بەدەست بهێنێ. هاوکات لە نوێترین ڕیزبەندى زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (٢٠٢٢)، کە ڕۆژى دووشەممەى ڕابردوو ڕێکەوتى (٣١/١/٢٠٢٢) لەلایەن وێبسایتی وێبۆمێتریک بڵاوکرایەوە، زانکۆی جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە کوردستان و عێراق بەرەوپێشچوونێکی زانستى بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک تەنها لە ماوەى یەک ساڵدا توانیویەتى (٤٣٧٠)پلە لە ئاستی جیهان بێیتە پیشەوە. ئەوە لە کاتێکدایە لە ڕیزبەندى ساڵى (٢٠٢١) زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى جیهان لە پلەى (٩١٠٠)دا بوو، بەڵام لە ڕیزبەندى ئەمساڵ (٢٠٢٢) ژمارەیەکى زۆر چۆوە پێشەوە و توانى بگاتە ڕیزبەندى (٤٧٣٠).
لە بوارى ئەکادیمیشدا، زانکۆى جیهان-هەولێر وەک دامەزراوەیەکى زانستى ئەکادیمى لە پاڵ پەیڕەوکردنى بڕیار و ڕێنماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش توانى ئەکریدەیشنی بەناوبانگترین دوو دەزگای متمانە بەخشینی ئەوروپی #ASIC و #ZEVA بەدەستبهێنێ، بەو هۆیەوە زانکۆی جیھان – ھەولێر #تەنھا زانکۆیە لە سەر ئاستی ھەرێمی #کورستان و #عیراق کە ئەکریدەیشنی بۆ سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی وەرگرتووە.