سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازەکانى بۆ بەسەرکردنەوەى کۆمپانیای کۆڕەک ڕێکخست
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (27-2-2025)، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حمید السلامی و بەسەردانێکى زانستی کۆمپانیای کۆرەکیان لە شاری هەولێر بەسەرکردەوە.
فێرخوازان سەرەتا لەلایەن ئارام مەحمود خدر، بەڕێوەبەری فێربوون و پەرەپێدانی کۆمپانیاکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان سەردانى بەشی سەرچاوە مرۆییەکانیان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش ئارام مەحمود کورتەیەکى لەبارەى چالاکییەکانی کۆمپانیاکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، ئینجا باسى سەرچاوە مرۆییەکان و ئامانجەکانی و میکانیزمەکانی وەرگرتنی فەرمانبەری نوێ بۆ دامەزراندن کرد، هاوکات ئاماژەى بەو ستراتیژیانە کرد، کە بۆ پەرەپێدانی تواناى فەرمانبەر لە کۆمپانیاکەیان پەیڕەو دەکرێن. لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتی ئامادەکردنی سیڤی بوو بۆ دەرچووان کرا، بەتایبەت ئەو خاڵە سەرەکیانەی کە پێویستە ئاماژەیان پێ بکرێ. هەروەها گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی سەرکەوتووانەی کار، جل و بەرگی پیشەیی گونجاو بۆ ژن و پیاو کرا، لەگەڵ شێوازی قسەکردنی کاریگەر، ئەوە جگە لە باسکردن لە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی داواکارانی کار .
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بە کوالیتی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و پچڕان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان ئاراستەى ئارام مەحمود کرا، ئەوەش وەڵامى پێویستى پرسیارەکانى دایەوە.