سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پاڵپشتى و هاوکارى تەواوى زانکۆکەى بۆ یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان دوپاتکردەوە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان ڕێکخراوێکى گرنگى کۆمەڵگەکەمانە، بۆیە وەک چۆن لە ڕابردودا زانکۆى جیهان-هەولێر پاڵپشتى کار و پڕۆژەکانى یەکێتیەکە بووە، بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانتان لە داهاتوودا پاڵپشتى و هاوکارى تەواوتان دەکەین.
ئەو ڕاگەیاندنەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٦/٧/٢٠٢١) لە میانەى کۆبونەوەیەکى لەگەڵ یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان هات.
لە کۆبونەوەکەدا، مامۆستا عەبدولواحید محەمەد سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: لەماوەى ڕابردودا چەندین پڕۆژەمان جێبەجێکردوە، بەڵام باشترینیان ئەو پڕۆژەیە بوو، کە بەهاوکارى و هەماهەنگى زانکۆى جیهان-هەولێر جێبەجێمان کرد، لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا باسى لە بیرۆکەیەکى یەکێتیەکەیان کرد بۆ بەستنى کۆنفرانسێک لەبارەى (چۆنیەتى قەربۆکردنەوەى خوێندن لەماوەى دوو ساڵى ڕابردوو) بکەن بۆ ئەو مەبەستەش ئامانج و لایەنەکانى کۆنفرانسەکەى باسکرد.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا پڕۆفیسۆر دکتۆر نادر نانەکەلى ئەندامى سکرتاریەتى یەکێتیی مامۆستایانى کوردستان نوسراوێکى فەرمى یەکێتیەکەیانى پێشکەش بەسەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد تا لە جێبەجێکردنى کۆنفرانسەکە هاوکارى و هەماهەنگیان لەگەڵدا بکەن.
لە بەرامبەردا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان باسى لەو کێشە و گرفتانە کرد، کە ساڵانێکە ڕووبەڕووى سیستمى پەروەردەى هەرێمى کوردستان بۆتەوە، وتیشى چارەسەرکردنى ئەو کێشانە پێویستى بەپرس و ڕاوێژکردن بەناوەندە ئەکادیمیەکان هەیە.
سەبارەت بەکۆنفرانسەکەیان و ئامانج و ناوەڕۆکەکەى، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: بەستنى ئەو کۆنفرانسە لەم کاتەدا گرنگى و بایەخى خۆى هەیە، بەتایبەت کە یەکێتیی مامۆستایانى کوردستان دەخوازێ کارى لەسەر بکات، ڕاشیگەیاند: لە ڕابردودا زانکۆى جیهان-هەولێر هاوکارى و پشتیوانى سەرەکى پڕۆژەکانى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان و تەواوى دامەزراوە جیاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردوە، لە ئێستاشدا زانکۆکەمان ئامادەى هەموو جۆرە هاوکارییەکى مەعنەوى و ماددى و ئەکادیمیە بۆ بەستن و سەرخستنى کارنامەکانى ئەو کۆنفرانسە، هەروەک چەندین پێشنازیشى پێشکەشکردن بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکە و کارکردن بەدەرئەنجامەکانى.