سەرەتاى مانگى (١٠)ى ئەمساڵ دوو گروپیى دیکەى فێرخوازان ڕەوانەى پۆڵندا دەکرێن
لە بەردەوامى کارە هاوبەشەکانى و بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنانی فێرخوازان و، لەبەر ڕۆشنایی واژۆکردنى یاداشتنامەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا، لە زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەکارییەکان بۆ ڕەوانەکردنى دوو گروپى دیکەى فێرخوازان بۆ خوێندن لە پۆڵندا بەردەوامە.
گروپى یەکەمیان کە لە (٦)شەش فێرخواز پێکهاتووە، لە بەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وۆچ (University of Lodz)ى پۆڵندى سەردانى ئەو وڵاتە دەکەن، بۆ درێژەدان بە کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە، هاوکات گروپى دووەمیش لە (٥) پێنچ فێرخواز پێکهاتووە و، ئەوانیش لەسەر بنەماى پێوەرە زانستیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەک و، زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان و، لە چوارچێوەى بەردەوامى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنامەى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)، سەردانى ئەو وڵاتە دەکەن بۆ تەواوکردنى سمستەرێکى خوێندن لەو وڵاتە.
ئەم دوو گروپەى فێرخوازان لە مانگى (١٠)ى ئەمساڵ بەرەو پۆڵندا بەڕێدەکەون بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن، کە ماوەى چوار مانگ دەخاێنێت، ئەو هەنگاوەش لە بەردەوامى هەوڵەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دێ بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى ناوازە بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاوازەکانى خوێندن بەئامانجى بەرزکردنەوەى ئاست و توانا و لێهاتویان بەپێى پسپۆڕییەکانیان.
ڕەوانەکردنى ئەم ڕاوندەى فێرخوازان بۆ پۆڵندا، کە لە دوو گروپ پێکهاتووە و، ژمارەیان لە (١١) فێرخوازە، دەبێتە شەشەمین ڕەواند، بەجۆرێک ڕاوندى یەکەم لە ساڵى (٢٠١٩) بوو، ژمارەیان لە (١٠) فێرخواز پێکهاتبوو، هەروەک ڕاوندى دووەم لە ساڵى (٢٠٢٢) بوو و، لە (٤) فێرخواز پێکهاتبوو، هەرچى ڕاوندى سێیەم بوو، ئەوانیش بریتی بوون لە (١٧) فێرخواز لە ساڵى (٢٠٢٣) گەیشتنە ئەو وڵاتە، هەر لە هەمان ساڵ ڕاوندى چوارەمیش کە پێکهاتبوون لە (٥) فێرخواز بەرەو پۆڵندا بەڕێکران، هاوکات ڕاوندى پێنجەمیش، کە لە سێ گروپ و (١١) فێرخواز پێکهاتبوون لە ساڵى (٢٠٢٤) کۆرسێکى خوێندنیان لەو وڵاتە بەسەرکەوتویی تەواو کرد، ئەوە جگە لە ڕەوانەکردنى (٤) مامۆستا.
واش بڕیارە بۆ ساڵى خوێندنى (2024- 2025) زانکۆى جیهان-هەولێر (20) فێرخوازى دیکە لە گشت بەشەکانی زانکۆ بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەى زانکۆکانى پۆڵندا بکات، بۆ ئەوەش داوا لە فێرخوازن دەکات سبەى یەک شەممە ڕێکەوتى (2024/9/1) سەردانى سەرۆکایەتى بەشەکانیان بکەن و ناوى خۆیان تۆمار بکەن و، سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و ئەزمونێکى نوێ سەرخانى تواناکانیان بکەن و، لە داهاتودا بەرهەمەکەى بچننەوە.