فێرخوازانى ئەندازیارى تەلارسازى، تەلارى نەخۆشخانەکان بەسەردەکەنەوە
بۆ گەیاندنى زانیارییە تیۆرییەکان بەشێوەیەکى پراکتیکى بەفێرخوازان، سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ گروپێک لە فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٦/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆر دکتۆر سەناء محەمەد عومەر و، لە چوارچێوەى پێداویستیەکانى بابەتى چۆنیەتى دیزاینکردنى نەخۆشخانە گشتیەکان، ژمارەەک لە فێرخوازانى قۆناخى چوارەمى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى، بەگەشتێکى زانستى نەخۆشخانەى ڕزگاریان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
لە میانەى گەشتە زانستیەکەیاندا، ئەندازیار ڕێبوار جەلال غەریب لە بەڕێوەبەرایەتى ئەندازیارى نەخۆشخانەکە دواى پێشوازیکردنى لە مامۆستایان و فێرخوازان، هاوەڵیانى کرد بۆ ئاشناکردنى دیزاینى نەخۆشخانەى ڕزگارى بەفێرخوازان، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم بەشەکانى نەخۆشخانەکە هەر لە نۆرینگەى دەرەکى تا خزمەتگوزارییەکانى دەرەوەی نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە و، ڕونکردنەوەى تەواوى لەبارەى پێکهاتە و مەبەستى دروستکردن و دیزاینکردنى لایەنى تەلارسازى نەخۆشخانەى پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
لە کۆتایشدا، فێرخوازان چەند پرسیارێکیان لەبارەى جۆرى دیزاینکردنى لایەنى تەلارسازى و خزمەتگوزارى تەندروستى لە نەخۆشخانەکە ئاراستەى ئەندازیارى نەخۆشخانەکە کرد و، ئەویش وەڵامى پێویستى پرسیارەکانى فێرخوازانى تایبەت بەژینگەى نەخۆشخانەکان لە ڕوى تەلارسازیەوە دایەوە.