فێرخوازانى ئەندازیارى تەلارسازى دیزاینى قوتابخانەکان بەسەردەکەنەوە
بۆ لە نزیکەوە ئاشنابون بەدیزاینى ناوەندەکانى خوێندن لە ڕوى ئەندازیاریەوە، سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکى مەیدانى بۆ یەکێک لە قوتابخانەکانى شارى هەولێر ڕێکخست.
بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ئەمسا ئەحمەد و مامۆستاى یاریدەدەر مەیس حەداد، فێرخوازانى قۆناغى دووەم لە بەشى ئەندازیارى تەلارسازى بەشێوەیەکى مەیدانى سەردانى قوتابخانەی (کامبریج ئینتەرناشناڵ)یان لە شارى هەولێر کرد.
لە میانەى سەردانەکەیاندا؛ مامۆستایان و فێرخوازان لەلایەن ستافى قوتابخانەکە پێشوازیان لێکرا و، دواتر هاوەڵى فێرخوازانیان کرد بۆ پیشاندانى لایەنى دیزاینى قوتابخانەکەیان بەفێرخوازان، بۆ ئەو مەبەستە فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشناى توخمەکانی دیزاینی باڵەخانەکە کران ڕوونکردنەوەى پێویستیان لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار پێشکەشکرا.
سەردانە مەیدانیەکە بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان و، زانیان چۆن دەتوانرێ وانە تیورییەکان لەکاتى پڕۆژەکان جێبەجێ بکرێن.