فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى ئاشناى دیزاینى نەخۆشخانەکان کران
بۆ زانین و چۆنیەتى جێەجێکردنى دیزاینى پرۆژەکان لە واقیعدا، سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
بەسەرپەرشتى مامۆستایان (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر سەنا عومەر و، مامۆستاى یاریدەدەر ئەسما ئەحمەد) فێرخوازانى قۆناغى چوارەم لە بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى نەخۆشخانەى ڕزگاریان لە شارى هەولێر کرد.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن یەکێک لە ستافى نەخۆشخانەکە پێشوازیان لێکرا، ئینجا بەشێوەیەکى مەیدانى بەشەکانى نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە و، کورتەیەک لەبارەى مێژوى بونیادنانى نەخۆشخانەکە و پێکهاتە و دیزاینى ناوەوەى نەخۆشخانەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرا، لە هەمان کاتدا لەلایەن مامۆستایانى سەرپەرشتیار فێرخوازان ئاشناکران بەچۆنیەتى دیزاینى نەخۆشخانەکە و ئەو جۆرە بابەت و دیزاینانەى کە ئێستا لە دروستکردنى نەخۆشخانەکاندا ڕەچاو دەکرێن.
بەئاڵوگۆڕکردنى کۆمەڵێک پرسیار و بۆچون لە نێوان مامۆستایان و فێرخوازان لەلایەک، لەگەڵ ستافى نەخۆشخانەکە لەلایەکى دیکە فێرخوازان وردتر لە بابەتى دیزاینى نەخۆشخانەکان ئاگاداربوون.