
زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە بیست و حەوتەمین کۆڕبەندی داهێنانی فێرخوازانى عەرەب لە ئوردن دەکات
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 14, 2026
لە ڕۆژانی دووشەممە تا هەینی ڕێککەوتی 2 تا 6/11/2026، بیست و حەوتەمین کۆڕبەندی داهێنانی فێرخوازانى عەرەب لە زانکۆی زەیتوونەی ئوردنی لە شانشینی ئوردنی هاشمی بە هاوکاریی ئەنجومەنی عەرەبی بۆ ڕاهێنان و داهێنانی فێرخوازان بە بەشداریی 60 توێژینەوەی زانستی و داهێنەرانەی فێرخوازانی 35 زانکۆ لە 11 وڵاتی عەرەبی (عێراق، ئوردن، فەڵەستین، میسر، یەمەن، ئیمارات، عوممان، لیبیا، تونس، مەغریب و سوریا) بەناونیشانى (فێرکردن و ڕاهێنان لە سایەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکاندا) بەڕێوە چوو.
دەستپێکی کۆڕبەندەکە و، ئەرکی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکان:
کۆڕبەندەکە بە چاودێریی پڕۆفیسۆر دکتۆر محەممەد مەجالی سەرۆکی زانکۆی زەیتوونەی ئوردنی و پڕۆفیسۆر دکتۆر نەزیر عوبەیدات سەرۆکی زانکۆی ئوردنی و سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی ئەنجومەنی عەرەبی بۆ ڕاهێنانی فێرخوازان و بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر سەرکەوت نورەدین ئیبراهیم، نوێنەرى زانکۆی جیهان-هەولێر و، ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک زانکۆکان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکانی وڵاتانی عەرەبی کرایەوە.
ئەرکی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی ئەکادیمی:
لەو چوارچێوەیەدا پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر سەرکەوت نورەدین ئیبراهیم، مامۆستا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک نوێنەری زانکۆ و دادوەری نێودەوڵەتی بەشداریی لە کارەکانی کۆڕبەندەکە کرد بەتایبەت لە تەوەری (داهێنانی ئەدەبی و هونەری)، کە ئەرکى ئەرکی هەڵسەنگاندنی توێژینەوە و کارە بەشداربووەکانی فێرخوازانی گرتە ئەستۆ.
پێوەرە زانستی و هونەرییەکانی هەڵسەنگاندن:
لە پرۆسەی دادوەریکردنی توێژینەوە و پڕۆژەکاندا، دادوەران و مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر پشتیان بە کۆمەڵێک پێوەری وردی زانستی و هونەریی باوەڕپێکراو بەستووە، کە ئەمانەی خوارەوەیان لەخۆ گرت:
- ئاستی ڕەسەنایەتی و نوێگەری لە بیرۆکەی کارەکەدا.
- ڕادەی داهێنان و دەرچوون لە چوارچێوە تەقلیدییەکان.
- قووڵیی خستنەڕووی لایەنى هزرى و و پەیامی توێژینەوەکە.
- دروستیی لایەنە میتۆدی و هونەرییەکان لە داڕشتن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا.
تەوەرەکانی کۆڕبەند:
توێژینەوە و بەشداریکردنەکان بەسەر چوار تەوەری سەرەکیدا دابەش کرابوون: داهێنان و دۆزینەوەی زانستی، زانستە مرۆڤایەتییەکان، ئاراستە نوێیەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و، داهێنانی هونەری و ئەدەبی.
ڕاسپاردەکان:
لە مەراسیمی کۆتایى کۆڕەبەندەکەدا، کە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر فوئاد قەرم جێگری سەرۆکی زانکۆی زەیتوونەی ئوردنی، پڕۆفیسۆر دکتۆر سەفوان شەیاب بەڕێوەبەری ئەنجومەنی عەرەبی بۆ ڕاهێنان و داهێنانی فێرخوازان و دکتۆر ئەحمەد عەبووشی سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆڕبەندەکە بەڕێوەچوو، ڕاسپاردەکانی کۆڕبەند خوێندرانەوە، کە جەختیان لەسەر پەرەپێدانی سیستمی فێرکردن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و ژیریی دەستکرد کردەوە.
ڕێزلێنان لە دادوەران
لە کۆتایی کارەکانی کۆڕبەندەکەدا خەڵات بەسەر فێرخوازە براوەکانی تەوەرە جیاوازەکاندا دابەش کرا، هاوکات وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵی کارای لە سەرخستنی چالاکییەکان و هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکاندا، لەلایەن زانکۆی زەیتوونەی ئوردنی و ئەنجومەنی عەرەبی بۆ ڕاهێنان و داهێنانی فێرخوازان، بڕوانامەی سوپاس و پێزانین بەخشرا بە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر سەرکەوت نورەدین ئیبراهیم نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر و، ئەندامانی دیکەى لیژنەکانی دادوەری و سەرپەرشتیاران لە بەرامبەر هەوڵە زانستی و ڕێکخستنەکانیان بۆ سەرخستنی کۆڕبەندەکە.



