فێرخوازانى ئەندازیاری شارستانی کارگەی ئاسن دەکەنە وێستگەیەکى سەردانێکى زانستیان
سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى شارستانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر درێژە بەچالاکیە زانستیە مەیدانیەکانى دەدات و، کارگەیەکى ئاسن لە هەولێر دەکاتە وێستگەیەکى دیکەى گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازەکانى.
رۆژی یەک شەممە ڕێکەوتى (9/10/2022) سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر مەیس عەبدولڕەزاق ئیبراهیم سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بۆ کارگەی ئاسنی (ميد ستيل) لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدا،
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان دواى ئەوەى بەگەرمى لەلایەن خاتوو دالیا دانیش موسا پێشوازییان لێکرا، ئینجا کورتەیەکی لەبارەی بەشەکانی کارگەکەیان و تاقیگە و ئەو میکانیزمانەی کە بۆ بەرهەمهێنان شیش بەکارى دەهێنن بۆ فێرخوازان بەوردى باسکرد، پاشان لە نزیکەوە فێرخوازانى ئاشناکرد بە قۆناغەکانى بەرهەمهێنان، بۆ ئەوەش لە پرۆسە سەرەتاییەکانی دەرهێنانی ئاسن دەستی پێکرد، کە بریتیە لە کۆکردنەوەی کەرەستەی خاو لە پاشماوەی ئاسن وەک ئۆتۆمبێل و کەرستەى کارەبا و ئاسنى جۆراوجۆر هتد، ئینجا باسى لە چۆنیەتی توانەوەی ئاسنەکان بە بەکارهێنانی کورەی تایبەت کرد.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان ئاشنایى چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئاسنەکان بە شێوە و قەبارەی جیاواز لە 10 بۆ 32 ملم کرد، کە بۆ لایەینى بیناسازى و سەقف بەکاردەهێندرێن، ئەوەشى ڕونکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن باشترین جۆرى ئاسن بەرهەم بهێنن.
لە کۆتایدا، مامۆستاى یاریدەدەر مەیس عەبدولڕەزاق ئیبراهیم بەناوى سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى سوپاسى ئەو پێشوازییە و شیکردنەوەى قۆناغە جیاوازەکانى ئاسنى لە کارگەکە پێشکەش بەسەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرانى کارگەکە کرد.