فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەکەن و پاڵپشتی منداڵانى نەخۆشخانەکە دەکەن
فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (بەختەوەر زیاد عومەر)، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی خێرخوازی مرۆیی و بۆ بەرزکردنەوەی ورەی منداڵانی دوچاربوو بە نەخۆشى شێرپەنجە، سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلیان کرد.
لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥) ئەنجامیاندا، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن دکتۆر کۆچەر صالح قادر بەگ، بەڕێوەبەری یەکەی کۆنتڕۆڵکردنی تووشبوون لە نەخۆشخانەکە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان لە ماوەی مانەوەیان لە نەخۆشخانە، فێرخوازان لەگەڵ منداڵەکان و خێزانەکانیان کۆبونەوە و، جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی مانەوە و ورە بەرزى و بەرگرى بەهێزی منداڵان و خێزانەکانیان وەک قۆناغێک لە چارەسەرکردنیان، بەوەش مۆڕاڵی نەخۆشەکانیان بەرزکردەوە، لە هەمان کاتدا پەیامی کۆڵنەدانیان ئاراستەى منداڵان کرد وەک پاڵەوانێک کە ئازایانە شەڕی شێرپەنجە دەکەن.
لە کۆتایشدا و، بۆ دڵخۆشکردنی نەخۆشە گەنجەکان و منداڵان بەتایبەت، فێرخوازان یارییان بەسەریاندا دابەشکرد، ئەوەش بووە مایەى خۆشحاڵى منداڵان و کەسوکاریان.