فێرخوازانى بەشى بەشى ڕاگەیاندن ئاشناى چاپخانە و چۆنیەتى چاپکردن دەکرێن
بۆ لە نزیکەوە ئاشنابون بەچۆنیەتى کار و هەنگاوەکانى چاپى ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان لە چاپخانە، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناخى دوەم ڕێکخست.
ڕۆژى یەک شەممە رێکەوتى (٦/٢/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێمن ئەمین شوانى، فێرخوازانى قۆناخى دوەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەردانێکى زانستى چاپخانەى (شەهاب)یان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
بەگەیشتنى فێرخوازان بەچاپخانەکە، بەگەرمى لەلایەن (مامۆستا سۆران عەبدولرحمان خاوەنى چاپخانەى شەهاب) پێشوازیان لێکرا، دواتر کورتەیەکى لەبارەى چاپخانەکەیان و مێژوى دامەزراندنى پێشکەش بەفێرخوازان کرد، لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، لەلایەن سۆران عەبدولرحمان بەشێوەیەکى مەیدانى چاپخانەکەیان بەسەرکردەوە و ئاشنایى هەنگاو بەهەنگاوى کارەکانى چاپخانە کران، هەر لە چۆنیەتى دیاریکردنى قەبارەى ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان و، پێدان و ڕێکخستنى سیستمى ڕەنگى بڵاوکراوەکان و، چۆنیەتى چاپکردن تا نوشتانەوە و بڕینى ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان و ئامادەکرنیان بۆ بازاڕ و بڵاوکردنەوەیان.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، خاوەنى چاپخانەى شەهاب بەدورودرێژى باسى لە جۆرەکانى ئامێرەکانى چاپ لە کوردستان و عێراق کرد، ڕونیشیکردەوە مایەى خۆشحاڵیە کە لە هەرێمى کوردستان ئێستا بوارى چاپەمەنى هەنگاوى زۆر چۆتەوە پێشەوە و، تواناى چاپخانەکانیش لە ئاستێکى بەرزدان و، تواناى بەچاپگەیاندنى زۆرترین ژمارەیان لە کەمترین کات بەبەرزترین کواڵیتى هەیە.
لە کۆتایى قسەکانیدا، سۆران عەبدولرحمان ڕووى لە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندنى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ڕایگەیاند: دەرگاى چاپخانەکەمان بەڕوى فێرخوازان هەموو کات کراوەیە بەتایبەت بۆ ئەو فێرخوازانەى، کە ئەخوازان لە چاپخانەکەیان کار بکەن، ڕونیشکردەوە پاڵپشتى تەواوتان دەکەین.
لە کۆتایدا، مامۆستاى یاریدەدەر هێمن ئەمین شوانى بەناوى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن و زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى بەڕێوەبەران و سەرپەرستیارانى چاپخانەى شەهابى کرد بۆ پێشوازى و ڕونکردنەوانەى پێشکەشى فێرخوازانیان کرد، وتیشى سوپاس بۆ پاڵپشتى و پشتیوانیەکانتان بەتایبەت بۆ دەستپێشخەرییەکانیان کە پێشکەشى فێرخوازانیان کرد.