فێرخوازانى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى سەردانی سەنتەری ئەلفا بۆ تیشکی ئێکس دەکەن
لە بەردەوامى چالاکیە مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر ، کە بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاکان ڕێکى دەخات، گەشتێکی زانستی بۆ بەسەرکردنەوەى سەنتەری ئەلفا بۆ تیشکی ئێکس ڕێکخست.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٣/٢٠٢٤) فێرخوازانى قۆناغی دووەم لە بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى پزیشکى بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری ڕانا خەلیل هادی و دکتۆر تارا کەمال باجلان سەردانی سەنتەری تیشکی ددانەکانی ئەلفاى لە شاری هەولێر کرد و، لەلایەن دکتۆر ئەژین مستەفا گۆران پزیشکی تیشکی ددان پێشوازییان لێکرا. پاش بەخێرهێنانیان کورتەیەکى لەبارەى پرۆتۆکۆڵی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشەکان بۆ فێرخوازان باسکرد، هەر لە ناو تۆمارکردن لەسەر سیستمی کۆمپیوتەر تا ڕێکاری وەرگرتنی تیشکی ئێکس ددانەکان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی مۆدێرن.
پاشان فێرخوازان بەشەکانى سەنتەرەکەیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى بنەماکانی کارکردنى تیشکی ددان و ئەو ڕێکارە جۆراوجۆر و تەکنیکە پێشکەوتووانە بوون، کە لە سەنتەرەکەدا بەکاردەهێندرێن، ئەوەش بووە ئەزمونێکى تازە بۆ فێرخوازان.