فێرخوازانى بەشى زانستی کۆمپیوتەر هەڵمەتى بەخشین لە مانگى ڕەمەزان بەڕێوەدەبەن
لە هەوڵێکدا بۆ بەرەوپێشبردنی بەهاکانی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و خۆبەخشی، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی بەخشینیان بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەستپێکرد بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەتاییەکانە.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٣/٢٠٢٥) فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەى ئەو هاوکاری داراییانەى کە پێشتر لە ڕێگەى هەڵمەتەکەیاندا کۆیان کردبوەوە، کۆمەلێک خۆراک و پێداویستی پێویستیان کڕی و، چەندین سەبەتەى خۆراکیان دروست کرد، سەبەتە خۆراکیەکان کۆمەڵێک پێداویستى سەرەکى خۆراکى بۆ مانگى ڕەمەزان لە خۆگرتبوو، پاشان سەردانى چەند گەڕەکێکى شارى هەولێریان کرد و، سەبەتە خۆراکیەکانیان بەسەر ئەو خێزانە هەژار و کەمدەرامەتانەدا دابەش کرد، کە پێوستیان بە دەستگیرۆیکردن و پاڵپشتیکردنى جۆراوجۆر هەیە.
فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر لە ڕێگەى ئەم هەڵمەتەوە پابەندبوونی زانکۆى جیهان-هەولێریان بە بەرپرسیاریەتى کۆمەڵایەتى و پشتگیریکردنی ئەو خێزان و کەسانە دوپاتکردەوە، کە پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارى هەیە، جگە لەوەش چالاکیەکە بووە هۆى بەرزکردنەوەى هەستى کارى خۆبەخشى و خێرخوازى لەلاى فێرخوازانى زانکۆ.