فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى لە قوتابخانەیەک باس لە ڕۆڵی ژیری دەستکرد لە پەرەپێدانی لێهاتووییەکانی ئاخاوتن دەکەن
بە مەبەستی ئاشناکردنی قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی بە نوێترین تەکنەلۆژیاکانی فێربوونی زمان، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (٢١/١/٢٠٢٦)، گروپێگ لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سیمینارێکی زانستییان بە ناونیشانی (گرنگی ژیری دەستکرد لە پەرەپێدانی لێهاتووییەکانی ئاخاوتن لای قوتابیان) لە ئامادەیی (باز) پێشکەش کرد.
ئەم چالاکییە کە بۆ قوتابیانی پۆلەکانی نۆیەم و دەیەم ڕێکخرابوو، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕۆژین حوسێنی) بەڕێوەچوو. لە کاتی گەیشتنی شاندی زانکۆ، لە لایەن مامۆستا (سێڤانا فاروق محەممەد) بەڕێوەبەری قوتابخانە و ستافی مامۆستایان پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. لە سیمینارەکەدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی بنەڕەتی ژیری دەستکرد (AI) لە گۆڕینی شێوازەکانی فێربوون و پەرەپێدانی توانای ئاخاوتن بە زمانی ئینگلیزی.
هاوکات فێرخوازانى زانکۆ چەندین ئامراز و پلاتفۆرمی پێشکەوتووی ژیری دەستکردیان بە قوتابیانى قوتابخانەکە ناساند، وەک (Gemini, Duolingo, Seeing AI) و چەندین ئەپڵیکەیشنی دیکەی کارلێککار. تێیدا ڕوونکردنەوەی وردیان دا لەسەر ئەوەی چۆن ئەم تەکنەلۆژیایانە یارمەتی فێرخواز دەدەن بۆ باشترکردنی “دەربڕین (Pronunciation)، پاراوی لە ئاخاوتن (Fluency)، دەوڵەمەندکردنی وشەسازی و بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوون”. ئەمەش لە ڕێگەی تەکنیکەکانی ناسینەوەی دەنگ، وەڵامدانەوەی خێرا (Instant Feedback) و ڕاهێنانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یاریدەدەرە زیرەکەکان (Virtual Assistants).
سیمینارەکە کەشێکی کارلێککارانەی بەخۆیەوە بینی، قوتابیانی ئامادەییەکە بە چالاکییەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد و پرسیارەکانیان دەربارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ئاراستە کرد. ئەمەش دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی قوتابیان لە سوودەکانی تەکنەلۆژیا.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانە و ستافی مامۆستایان دەستخۆشییان لە فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەم بابەتە سەردەمیانە و گرنگە و، جەختیان لە پێویستی تێکەڵکردنی تەکنیکەکانی ژیری دەستکرد لەگەڵ پرۆگرامی فێرکردنی زمان کردەوە بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجامی زانستی.







