فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان بەگەشتێکى زانستى سەردانى (تۆڕى میدیایی ڕووداو)يان كرد
رۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (٣/٣/٢٠٢١)، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی وەرگێڕان بە سەرپەرشتی (دکتۆر سیروان ئەمین زادە) سەرۆکی بەش، گەشتێکی زانستییان بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕێکخست.
لە میانەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان ئاشناى قۆناغەکانی کۆکردنەوە و دڵنیابوونەوە و بەرهەمهێنانی هەواڵ بوون. هەروەها، بەڕوونی گرنگی ڕۆڵی وەرگێڕانیان لە هەموو قۆناغەکانی ئامادەکردنى هەواڵ بۆ دەرکەوت.
هەر لە چوارچێوەى گەشتە زانستيیەکەياندا، فێرخوازان لەگەڵ بەشێک لە وەرگێڕە پرۆفیشناڵەکانی تۆڕی رووداو گفتوگۆیان لەبارەى کارى وەرگێڕان کرد و، لە نزیکەوە شارەزایی ئەزمون و شارەزاییەکانیان لە بواری وەرگێڕانی میدیايدا ئاشنا بن.
ئەم جۆرە گەشتە زانستییانە دەبنە هۆكارێکى گرنگ تا فێرخوازان زیاتر ئاوێتەى كارى وەرگێڕان ببن، هەروەک دەبێتە ئامرازێکى گرنگ بۆ گەیشتن بە ئامانجە پەروەردەییەکانی بەشى وەرگێڕان، كە بریتیە لە ئامادەکردنی فێرخوازانی وەرگێڕان بۆ بازاڕی کار، وەرگێڕانى میدیایش شانەبەشانى کارەکانى دیکە یەکێکە لەو سێکتەرە گرنگانەى کە دەرچووانى بەشى وەرگێڕان لە زانکۆى جیهان-هەولێر دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن دەتوانن هەلى کارى تێدا بەدەست بهێنن و بەشێوەیەکى پرۆفێشناڵانە کار بکەن.