ڕۆڵی ژنان لە چالاكییەكی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە ڕۆژی ڕۆژی جیهانی ژناندا
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر، چالاکییەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئافرەتان بۆ فێرخوازانی کچ لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر بەڕێوەچوو.
لەو چالاكییەدا، كە ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی (8/3/2021) لە هۆڵی (Techno Park) ڕێكخرابوو تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە.
ئەم چالاکییە بە کورتەباسێک لەلایەن مامۆستایانی بەشی زانستی كۆمپیوتەر لەبارەی گرنگی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی ٨ ی مارس وەکوو ڕۆژێکی مێژوویی لە خەباتی مافخوازانەی ژنان و ڕێزلێنان لە دەستکەوتەکانی ژنان دەستیپێکرد. ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە بنەماڵە، شوێنی کار و بە گشتی لە کۆمەڵگە و، بەشداریکردنیان لە کۆمەڵگە هاوتای پیاوان لە سەرەکیترین باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوون.
هەر لە میانەی ئەم چالاکییەدا، باس لە چۆنیەتی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی بیزینێس لەلایەن ژنان كرا، هەروەك چۆنییەتی بونیادنانی کەسایەتی سەربەخۆ لە ئافرەتان لایەنێكی دیكەی چالاكیەكە بوو، پاشان فێرخوازان كۆمەڵێك پرسیاریان لەبارەی چۆنییەتی زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەی کە لە ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانیان ڕووبەڕوویان ئەبێتەوە ئاراستەی مامۆستایان کرد.
دانانی وۆرکشۆپی تایبەت بە چۆنییەتی دەستپێکردنی بیزینێس و کارێکی سەربەخۆ و پێداویستییەکانی، یەکێک لە پێشنیازەكانی چالاکییەکانی داهاتووی بەش بوو.