فێرخوازانى بەشى چارەسەری سروشتى منداڵانی قوتابخانەیەکى سەرەتایی فێرى چۆنیەتى دانیشتن و هەڵسوکەوتى تەندروست دەکەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٥/٢/٢٠٢٥، فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى چارەسەرى سروشتى بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر ئەسما غوڵام ڕەزا سەردانى قوتابخانەى هایڤ ئەکادیمیاى کریسماسى سەرەتاییان لە شارى هەولێر کرد و، سیمینارێکیان بەناونیشانی (دۆخى جەستە و چۆنیەتى دانیشتن و هەڵسوکەوتى تەندروست) پێشکەش بە قوتابیانی قوتابخانەکە کرد.
لەسەرەتادا؛ فێرخوازان لەلایەن مامۆستا کایلی پارکەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەشکرد، کە تیایدا باسیان لە گرنگی پاراستنی دۆخی جەستەی دروست لە منداڵانی بچووک کرد، بۆ ئەو مەبەستەش تیشکیان خستنە سەر کاریگەرییەکانی باشى تەندروستی جەستە و ڕەنگدانەوەى لەسەر خوێندن، بەتایبەت لە تەرکیز دروستکردن، لە بەشێکى دیکەى باسەکەیاندا ڕونکردنەوەى وردیان لە بارەى کێشە باوەکانی دۆخی جەستە وەک پێی تەخت، کێشە نائاساییەکانى بڕبڕەی پشت…هتد، کە دەبنە هۆى ئازاری درێژخایەن و ماندوێتی.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا؛ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک ڕاهێنانى پراکتیکیان بە قوتابیانى قوتابخانەکە کردن،کە پەیوەست بوون بە چۆنیەتى دانیشتن لە پۆل و هەندێ وەرزشى ڕۆژانە کە سوود بەخش بوون بە جەستە و تەندروستى منداڵان.