فێرخوازانى بەشى کارگێڕی گشتی گەشتێکی زانستی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بەڕێوەدەبەن
لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٧/١٠/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی کارگێڕی گشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (ڕاز ئازاد جەلال) سەردانێکی زانستییان بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئەنجامدا.
فێرخوازان لەلایەن (ڕۆژگار یوسف) بەڕێوەبەری کارگێڕى نووسینگەی شارەوانی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان، (شاین وەحید)، لە نووسینگەی کارگێڕی، پوختەیەکی گشتی دەربارەی بەشەکانی شارەوانی و سیستمی کارکردن لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر پێشکەش بە فێرخوازان کرد، دواتر تیشکی خستە سەر وردەکارییە کارگێڕیی و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و، ڕوونیکردەوە بەڕێوەبەرایەتى شارەوانی بە شێوەیەکی ستراتیژی دابەشى سەر (٦) بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی لاوەکی کراوە. ئەم دابەشکردنە جوگرافی و کارگێڕییە وایکردووە کە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی کاراتر و نزیکتر بگەنە هاووڵاتیان، ئاشکراشیکرد هەر شارەوانیەک لەم لەم شارەوانیانە بەرپرسیارە لە پێشکەشکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاری شارەوانی لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا، وەک پاککردنەوە و ئیدارەدانی ژینگە، دەرکردنی مۆڵەتی بیناسازی و بازرگانی و چاودێریکردنی کاروباری کارگێڕی ناوخۆیی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی و کوالێتی خزمەتگوزارییەکان.
دواتر، شاین وەحید بە وردی باسی لە پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتى شارەوانی کرد و وتى: چەند بەشێکی سەرەکی لە ناو بەرێوەبەرایەتى گشتى شارەوانى هەولێر هەیە، کە هەریەکەیان ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بەڕێوەبردنی شار و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان دەبینێت. ئەم بەشانە بریتین لە: بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و پاراستنی ژینگە، کە سەرپەرشتی پاکڕاگرتن و جوانی شار دەکات، بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری، کە ئەرکى پاراستنی ژینگە و چارەسەرکردنی پاشماوەی ڕەقە و، لەهەمان کاتدا گرنگی بە ژینگە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک دەدات، لە بەشی کاروباری یاسایی سەرپەرشتی ڕێکارە یاساییەکان و گرێبەستەکان دەکرێت، هەروەها لە بەشی پاراستنی ژینگە چاودێری پڕۆژە ژینگەییەکان دەکرێت، هاوکات بەشی ئۆتۆمبێلەکان بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی گواستنەوە و ئامێرەکان، جگە لەوانەش بەشەکانی ژمێریاری، دارایی و، کارگێڕی پایەی پشتگیری دارایی و کارگێڕی سەرۆکایەتی شارەوانین و، دڵنیایی دەدەن لە ڕەوتی دروستی کارەکان.
لە کۆتاییدا مامۆستاى سەرپەرشتیارى سوپاسى شاین وەحید بەتایبەت و کارمەندان بە گشتی، کە زانیارى گرنگیان لەبارەى کارکردنی دامەزراوە شارەوانییەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کاروباری شارەوانی لەلایەن دامودەزگا حکومییەکانەوە پێشکەش بە فێرخوازان کرد.