فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی ڕۆژی جیهانیی خۆراک بە چالاکییەکی خێرخوازی لە خانەی بێسەرپەرشتان لە هەولێر بەرز ڕادەگرن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (١٦/١٠/٢٠٢٥)، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر ڕۆژین حسێنی، چالاکییەکی دڵسۆزانەی خزمەتکردنی کۆمەڵگەیان لە یەکێک لە خانەکانی بێسەرپەرشتان لە هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکیە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی خۆراکەوە ڕێکخرابوو، لە کاتی گەیشتنیان، بەشداربووان بە گەرمی لەلایەن خاتوو دیمەن عەلی، بەڕێوەبەری خانەکە،و ژمارەیەک لە کارمەندانی خانەکە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکدا سوپاسی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە بەنرخەى فێرخوازان دەربڕی. پاشان فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى لە میانی سەردانەکەدا، خۆراک و خواردنی خێرا (snack)یان بەسەر منداڵاندا دابەشکرد، کە دۆخێکی خۆش و هاوبەشییان خولقاند. چالاکییەکە بە ڕوحیەتێکی بەرز و سۆزدار کۆتایی هات، و کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر فێرخوازیان و منداڵان جێهێشت.
بۆ ئەوەش مامۆستاى یاریدەدەر ڕۆژین حسێنی ستایشى هەوڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەڕێوەبردنى ئەو چالاکیە و، وتى: ئەم سەردانە تەنها دەربارەی بەخشین نەبوو، بەڵکو دەربارەی فێربوونی مرۆڤایەتی بوو لە کرداردا – کە بیری دەخەینەوە پەروەردەی ڕاستەقینە شانبەشانی هاوسۆزی و بەخشندەیی دەڕوات.






