فێرخوازانى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی پشکنینى تاقیگەیی بۆ قوتابیانى قوتابخانەکان ئەنجام دەدەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى 11ی شوباتی 2025، فێرخوازانى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی قوتابخانەی هاواری هاوڕێی بنەڕەتییان کرد بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەی بنەڕەتی بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەر عەبدوڵڵا جەودەت بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لە مامۆستا خالید بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان لە چالاکیەکى خۆبەخشیدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک پشکنینی بنەڕەتی تەندروستییان بۆ قوتابیان ئەنجامدا، لەوانە: پێوانەکردنی پەستانی خوێن، پشکنینی شەکری خوێن، پۆلێنکردنی گروپی خوێن و، هەڵسەنگاندنی ئاستی ئۆکسجین، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاسی هەوڵەکانی فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ پێشخستنی ئاستى هۆشیاری تەندروستی لەنێو قوتابیان و، دەستپێشخەرییەکەی بەرز نرخاند، بەتایبەت لە هاندانی قوتابیان بۆ چاودێریکردنی تەندروستی پێشوەختە.
ئەم چالاکییە هۆشیارییە جگە لەوەى بووە هۆى ئاشناکردنى قوتابیان بە گرنگى پشکنینى پزیشکى، لەهەمان کاتدا بووە ئەزموونی بەنرخی کردەیی بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان بەشێوەیەکى پراکتیکى.