فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن هۆشیاری لە بارەى خراپ بەکارنەهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە قوتابخانەکان بڵاودەکەنەوە
لە چوارچێوەى کارە خۆبەخشیەکانیان و، بۆ هۆشیاری فێرخوازان لە ناوەندەکانى خوێندن، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر سیروان ئەنوەر مەجید؛ لە شارى هەولێر سەردانى قوتابخانەى ڕۆنایان کرد و سمینارێکیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٣/١٢/٢٠٢٣) مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن مامۆستا سابر محمد عوسمان سەرپەرشتیارى پەروەردەیی و مامۆستا ڕازاو غازى سدیق یاریدەدەر بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە بەگەرمى پێشوازیان لێکرا، پاشان لە هۆڵى سمینارەکان فێرخوازان چالاکیەکەیان پێشکەش کرد.
لەسەرەتادا پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر سیروان ئەنوەر تێڕوانینێکی کورتی لەبارەی زانکۆی جیهان هەولێر و بەشی ڕاگەیاندن پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان ئامانجی سەردانەکەی خستەڕوو کە پەیوەندی بە بەکارهێنانى تەکنەلۆژیا و مامەڵەکردن لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوو، بەتایبەت ئاماژەى بە مۆبایل و کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ژیانی فێرخوازان لەم قۆناغە تەمەنییەدا.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا؛ هەیفی فەهمی فێرخوازى قۆناغى سێیەمى بەشى ڕاگەیاندن باسى لە بەکارهێنانى مۆبایل و گرنگییەکەی لە ژیانی فێرخوازاندا کرد، بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵێک ئامۆژگاری گرنگى پێشکەش بە فێرخوازان کرد بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکى گونجاو و تەندروست.
پاشان خوێندکار سەفوان بەهائەددین فێرخوازى قۆناغى دووەمى بەشى ڕاگەیاندن لە میانەى پێشکەشکردنى بەشێکى دیکەى سیمینارەکەدا، ئاماژەی بە گرنگترین لایەنە ئەرێنییەکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد، لە سیمینارەکەیدا جەختی لە حاڵەتەکانی ئالوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو زیانانە کردەوە کە لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەلاى فێرخوازان دروست دەبێت.
لەکۆتایشدا ئیدارەی قوتابخانە سوپاس و پێزانینی پێشکەش بە سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان – هەولێر کرد، بۆ ڕێکخستن و پێشکەشکردنی سیمینارەکە و بەشداریکردنیان لە پێگەیاندن و هۆشیارکردنەوەى فێرخوازان.