فێرخوازانى بەشی کارگێڕى گشتی بە سەردانێکی زانستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (١٥/١٠/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی کارگێڕى گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر راز ئازاد جەلال، سەردانێکی زانستییان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەنجامدا.
لەسەرەتای گەیشتنیان، بە گەرمی لەلایەن هەڤاڵ سدیق مستەفا، بەڕێوەبەری بەشی سەرچاوە مرۆییەکان لە فڕۆکەخانە، پێشوازییان لێکرا. دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا کورتەیەکى زانیاریی بەسوودی پێشکەش بە فێرخوازان کرد ، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە مێژوو، گەشەپێدان و پێکهاتەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرد و، ڕوونی کردەوە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی فڕۆکەخانە پێکدێت لە یەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی، 7 بەڕێوەبەرایەتی، 35 بەش، و 71 یەکە، ئەمەش گەرەنتیی بەڕێوەبردنێکی کارا و هەماهەنگییەکی بێ کێشە لە نێوان لایەنە ئیداری و کارپێکردنە جیاوازەکانی فڕۆکەخانەدا کردوە.
پاشان، هاوەڵى فێرخوازان کرا و، دەرفەتیان بۆ ڕەخسا چەندین بەشی سەرەکی لە فڕۆکەخانە بەسەر بکەنەوە، لەوانە گۆڕەپانی وەستانی فڕۆکەکان، ناوچەی ئاسمانیی فڕۆکەخانە و تاوەری کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانی، بۆ ئەو مەبەستەش هەڤاڵ سدیق مستەفا شیکردنەوەیەکی تەواوی پێشکەش کرد سەبارەت بە ئەرکەکانی هەر بەشێک، ڕوونی کردەوە کە چۆن ڕێکارەکانی سواربوون بۆ فڕۆکە و گەیشتنی سەرنشینان لە هۆڵی گەشتیاراندا بەڕێوەدەچن، جگە لە ڕێکارە توندەکانی ئاسایش و سەلامەتی کە لە سەرجەم دامەزراوەکانی فڕۆکەخانەدا جێبەجێ دەکرێن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار بە ناوى سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕى گشتی سوپاسى هەڤاڵ سدیق مستەفا کرد بۆ پێشوازیی گەرم و، پێشکەشکردنی زانیارییە بەنرخەکان.