فێرخوازانى بەشی کارگێڕی گشتی چالاکییەکی خۆبەخشی مرۆییان بەڕێوەبرد
سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/١١/٢٠٢٥) چالاکییەکی مرۆیی خۆبەخشیی بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (راز ئازاد جەلال) ئەنجامدا.
لە چالاکییەکەدا، کە فێرخوازانی قۆناغی چوارەم تێیدا بەشداربوون، ژەمە خواردنێکى ئامادەکراو بەسەر کرێکاران و کەسانی کەمدەرامەت لە چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر دابەشکرد، ئەوەش بۆ پشتیوانیکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەژاری و هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کاتێکی زۆر لە شەقامەکاندا بەسەر دەبەن بەبێ ئەوەی دەستیان بە خۆراکی پێویست یان سەرچاوەی دارایی بگات. فێرخوازان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی کرێکاران بوون و وێڕای دابەشکردنی ژەمەکان، وشەی پاڵپشتی و هاندانیان ئاراستە کردن.
فێرخوازانى بەشی کارگێڕیی گشتی جەختی لە پێویستى ئەو جۆرە دەستپێشخەرییە خۆبەخشییانە کردەوە بۆ بەهێزکردنی گیانی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لای فێرخوازان و دەرخستنی گرنگیی خزمەتکردنی کۆمەڵگە وەک بەشێک لە بواری کارگێڕیی گشتی.







