فێرخوازانى زانستى تاقیگەى پزیشکى سەردانى نەخۆشخانەى نانەکەلى بۆ نەخۆشیەکانى خوێن و شێرپەنجە دەکەن
سەرۆکایەتى بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامە لە کار و چالاکیە زانستى و مرۆییەکانى، لەو چوارچێوەیەشدا بەسەرکردنەوەى نەخۆشخانەى نانەکەلى بۆ نەخۆشیەکانى خوێن و شێرپەنجە لە شارى هەولێر بووە وێستگەیەکى دیکەى کارەکانیان.
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (٣/٦/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (ڕێبین صلاح)، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى نەخۆشخانەى نانەکەلیان کرد و، لەلایەن (کارزان ابراهیم) سەرۆکی بەشی مندالان پێشوازیان لێکرا، سەرەتا لە دیدارێکدا سەرۆکى بەشەکە کورتەیەکى لەبارەى پێکهاتەى بەشەکەیان و چۆنیەتى پێشوازیکردن لە منداڵان و جۆرى ئەو نەخۆشیانە کرد، کە لەبەشەکەیاندا هەیە، وتیشى منداڵان لەم قۆناغەى تەمەنیان پێویستیان بەمامەڵەیەکى تایبەت هەیە بۆ ئەوەى بتوانن زاڵ بن بەسەر نەخۆشیەکەیاندا.
پاشان بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بەبەشەکانى نەخۆشخانەکە و بەتایبەت بەشى منداڵان، سەرۆکى بەشى منداڵان هاوڕیەتى مامۆستا و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و زانیارى تەواوى لەبارەى کارەکانیان پێشکەش بەفێرخوازان کرد، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریش بۆ دڵخۆشکردنى منداڵان و گەڕانەوەى خەندە بۆ سەر لێوەکانیان و بەسەربردنى کاتێکى خۆش، کۆمەڵێ دیارییان بەسەر منداڵانى نەخۆشخانەکە دابەشکرد و هیواى زوو چاکبونەوەیان بۆ خواستن.