سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر ڕێز و سوپاس پێشکەش بەکۆمەڵێک لە فێرخوازانى کارگێڕی کار دەکات
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر، لە میانی مەراسیمێکدا کە لە هۆڵی (VIP) زانکۆ بەڕێوەچوو، بڕوانامەى ڕێز و سوپاسى پێشکەش بەکۆمەڵێک لە فێرخوازانى کارگێڕی کار کرد.
لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبوونى دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار و مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەکدا دواى پیرۆزبایکردنى لە فێرخوازە پێشەنگەکان وتى: زانکۆ هەموو کات شانازى بە فێرخوازە یەکەمینەکانى خۆى دەکات، شانازى بەوە دەکات کە ڕۆڵى هەبووە لە پێگەیاندنى ژمارەیەک کادیرى چالاک لە پسپۆڕییە جیاوازەکان بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە لە بوارە جۆراوجۆرەکان، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتەکەى تەرخانکرد بۆ فێرخوازە لێهاتوو و بەتوانایانەى بەشى کارگێڕى کار لە ماوەى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٢-٢٠٢٣) کۆمەڵێک کارى خۆبەخشیان کردوە، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لێکردن و ڕایگەیاند: یەکێک لە کارە گرنگەکانى زانکۆ لە پاڵ پێگەیاندنى کادیرى بەتوانا لەهەمان کاتدا خزمەتکردنى کۆمەڵگەیە لە ڕێگەى پڕۆژەى جۆراوجۆر، وتیشى مایەى شانازیمانە کە کۆمەڵێک لە فێرخوازان بەکارى خۆبەخشى توانیویانە خزمەت بەکۆمەڵگەکەمان بکەن.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕێز و سوپاس و قەڵغانى پێزانینى پێشکەشى فێرخوازە پێشەنگەکانى بەشەکە لە قۆناغە جیاکان و، ئەو فێرخوازانەش کرد، کە لەماوەى ساڵى ڕابردودا توانیویانە خزمەت پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن.
لە کۆتایشدا؛ دکتۆر هاوکار قاسم پیرۆداود، قەڵغانى سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کارى پێشکەش بە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر کرد، لە بەرامبەر هاوکار و پاڵپشتیە بەردەوامەکانى لە زانکۆ بەگشتى و سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار و فێرخوازان بەتایبەت.