فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا لە کۆتاییەکانى کۆرسەکانى خوێندنەکەیان چەند چالاکیەک بەڕێوەدەبەن
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە تەواوکردنى کۆرسى خوێندنیان لە پۆڵندا بەردەوامن و، لەو چوارچێوەیەشدا چەند چالاکیەکى زانستیان ئەنجامدا.
بۆ ئەو مەبەستە لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا؛ ڕەزان ڕائد فێرخواز لە بەشى (بایۆمیدیکاڵ) بابەتێکى لەبارەى ماددە شێرپەنجەییەکان و ماددە دژە شێرپەنجەییەکان لە خۆراکدا پێشکەش کرد. لە کاتی پێشکەشکردنەکەیدا، بە شێوەیەکی بەرفراوان باسى لە ئەفلاتۆکسین کرد، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین قارچکەکانی جیهان ناسراوە، بۆ ئەوەش بەوردى باسى لە سەرچاوە و هۆکار و ستراتیژییەکانی کەمکردنەوەی لە سەر بەرهەمە خۆراکییە جیاوازەکان کرد، هاوکات هەریەک لە رازان ڕائد و عبدالرحمان یعرب لە بەشى (بایۆمیدێکاڵ) و، نیان عثمان محمد لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) لە زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences ) بەسەرپەرشتى دکتۆر ئیڤا ماجیڤسکا (Dr. Ewa Majewska) بابەتى کۆتایی کۆرسەکەیان پێشکەش کرد.
هەروەها نیان عثمان محمد فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆر کاتراژینا (katarzyna śwaiader) لە تاقیگەی بەش نیوتریشین لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا بەرهەمێکی نوێی هەویرەمەنی کوکیز دروستکرد، کە دەوڵەمەند بە کالیسیۆم بۆ ئەو کەسانەى کێشەی کەمی کالیسیۆمیان هەیە و، بە هیچ بەرهەمێکی ئاژەڵى ناخۆن، لەلایەکى دیکەوە ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر لە هەمان زانکۆ تاقیکردنەوەى کۆتایی کۆرسەکەیان بەسەرکەوتویی ئەنجامدا.