لە شەشەمین کۆنفرانسی زانستی زانکۆى جیهان-هەولێردا؛ (58) توێژینەوەى نایابى فێرخوازانى قۆناغى کۆتایی خرانەڕوو
لە ڕۆژانى (سێ شەممە و چوارشەممە) بەچاودێرى و ئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، لە شەشەمین کۆنفرانسی زانستی زانکۆى جیهان-هەولێردا توێژینەوە نایەبەکانى فێرخوازانى قۆناغى کۆتایی (58) خرانەڕوو.
لەو کۆنفرانسەدا، کە یاریدەدەران و ڕاگری کۆلێژ و، سەرۆکی بەشەکان و، فێرخوازان ئامادەی تەوەرەکان بون، فێرخوازان لە میانەى خستنەڕوى توێژینەوەکانیاندا باسیان لە هۆکارى هەڵبژاردنى ناونیشانەکانیان و کێشە و ئامانج و گریمانەى توێژینەوەکانیان کرد، هەروەک باسیان لە شێواز و میتۆد و نمونەى توێژینەوەکانیان کرد، لە کۆتایشدا ئەنجامى توێژینەوەکانیان بەشێوەیەکى زانستى خستەڕوو، کە هەر توێژینەوەیەک بەپێى پسپۆڕییەکانیان گەیشتبون بە چەندین خاڵ و بڕگەیەکى زانستى نوێ، بەشێوەیەک بەشێکى زۆرى ئەنجامى توێژینەوەکان بوونە جێیى سەرەنجى مامۆستایان و توێژەران و فێرخوازانى ئامادەبوو.
لە مەراسیمى کۆتایی کۆنفرانسەکەدا چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەش کران، لەو بارەیەوە دکتۆر سامراند ئەمینیى سەرۆکى لێژنەى زانستى کۆنفرانس، دواى ئەوەى دەستخۆشى لە فێرخوازان کرد، ئینجا بە چەند خاڵێک ئەنجام و ڕاسپاردەکانى کۆنفرانسەکەى خستەڕوو و وتى: بەشێک لە توێژینەوەکانى فێرخوازان شایستەى ئەوەن لە گۆڤارە زانستیە ئاستبەرەزەکانى جیهان بڵاوبکرێنەوە، چونکە بابەت و پرسى گرنگیان وروژاندوە، جگە لەوەش هەندێک لە توێژینەوەکانى دیکە کۆمەڵێک زانیارى نوێیان زیادکردوە و پەرەیان بە بوارەکەى خۆیانداوە، لە کۆتایشدا بە گرنگیەوە لە کۆنفرانسەکەى ڕوانى داواشى کرد بە سوود وەرگرتن لە هەڵە و کەموکوڕییەکان کۆنفرانسەکانى داهاتوو باشتر بکرێن.
پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا پیرۆزبایی لە فێرخوازانى قۆناغى کۆتایی کرد، بەتایبەت ئەوانەى پرۆژەکانیان بۆ کۆنفرانس پەسند کران، وتیشى ڕاستە ئەم توێژینەوەى دەرچونە، بەڵام دەبێتە سەرەتاى کاروانى زانستیتان، ڕاشیگەیاند: کە دڵخۆشە بە ئەنجامى کۆنفرانسەکە، ڕونیشیکردەوە ڕاستە کەموکوڕى هەبووە، بەڵام خاڵە باش و ئەڕێنیەکانى کۆنفرانسەکە زۆر زیاترە، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لایەنێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ گرنگى توێژینەوەى زانستى و ڕۆڵى لە پێشخستنى کۆمەڵگە، بۆ ئەو مەبەستەش وتى: لە سەردەمى ئەمڕۆدا توێژینەوەى تاکەکەسى باوى نەماوەى، بەڵکو توێژینەوەى زانستى بەشێوەى گروپ ئەنجام دەدرێ و، هەریەکێک لە توێژەرەکان بەپێى پسپۆڕییەکەى کار لە بەشێکى توێژینەوەکە دەکات، هۆکارى ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاوێتەبوون و پێویستى زانستەکان بەیەکتر.
سەبارەت بە توێژینەوەى دەرچونى فێرخوازانیش، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: بەشێک لەو توێژینەوانەى لە کۆنفرانس پێشکەش کران لە گۆڤارەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بڵاو دەکرێنەوە، چونکە گۆڤارەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ گۆڤارى نێودەوڵەتین و خاوەن چەند تایبەتمەندییەکى تایبەتین و هەنگاو بەرەو ئەوە دەنێت لە سکۆپەس تۆمار بکرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و دەستخۆش لە ڕاگر و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و سەرپەرشتیارى فێرخوازان و مامۆستایان کرد، کە توانیویانە توێژینەوەى بە پیت ئەنجام بدەن، لە هەمان کاتدا دەستخۆشى و سوپاسى لێژنە جیاکانى ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى کۆنفرانسەکەى کرد، هەروەک دوپاتى پشتیوانى زانکۆى بۆ فێرخوازان بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا و ئەنجامدانى توێژینەوەى ڕەسەن دوپات کردەوە.
زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى ستراتیژى بایەخدان بە توێژینەوەى زانستى و پشتگیریکردن لە مامۆستایان و توێژەران؛ ساڵانە کۆنفرانسى زانستى بۆ توێژینەوە نایابەکانى فێرخوازانى قۆناغى کۆتایی ئەنجام دەدات، بەشێک لەو توێژینەوانە لە گۆڤارە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بڵاودەکرێنەوە، بۆ شەشەمین کۆنفرانس (267) توێژینەوەى فێرخوازانى قۆناغى کۆتایی پێشکەش بە لێژنەى زانستى کۆنفرانس کرا، لە ئەنجامدا (58) توێژینەوەى زانستیان پەسند کران و، لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردودا لە بەر ڕۆشنایی (8) تەوەر لەلایەن فێرخوازانەوە پێشکەشکران.