فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا بەشدارى لە چالاکیەکى وەرزشى دەکەن
زانکۆى وۆچ (University of Lodz) لە پۆڵندا، لە پەراوێزى پرۆگرامەکانى خوێندنەکەیاندا؛ چالاکیى وەرزشى بۆ فێرخوازانى پرۆگرامى ئیراسموس پڵس (Erasmus-Plus) و، فێرخوازانى نێودەوڵەتى ڕێکخست.
لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە پێکهاتوون لە هەریەک لە دیار ئەسکندەر سلیم بابەکر و، محمد وریا خضر لە بەشی (زانستى کۆمپیوتەر) و، ئارام ئەحمەد هەمزە لە بەشى (زمانى ئینگلیزى)، بەشدارییان لە چالاکیە وەرزشیەکرد کرد و، بەئاڵاى کوردستان یاری خلیسکانی سەر سەهۆڵیان کرد، لە کاتى بەڕێوەچوونى چالاکیەکەدا فێرخوازان ئاوێتە یارییەکە بوون و، چێژێکى زۆریان لە یارییە وەرزشیەکە وەرگرت، لەهەمان کاتدا چالاکیەک بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵ فێرخوازانى نێودەوڵەتى و، ئاڵوگۆڕی کەلتووری و گفتوگۆکردن لەسەر بوارە جیاوازەکان.
لەو چوارچێوەیەشدا؛ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە پۆشینى ئاڵای کوردستان، جەختیان لە پێویستى ئەو جۆرە چالاکیانە کردەوە بۆ ناساندنى ناسنامەی کەلتورى و نەتەوەیی خۆیان و هاوبەشیکردنى ئەزموونەکەیان لەگەڵ هاوڕێ فێرخوازییە نێودەوڵەتیەکانیاندا.