فێرخوازانى زمانى ئینگلیزى بەردەوامن لە پراکتیزەکردنى زمان لە شوێنە گشتیەکان
بەئامانجی نیشاندان و پراکتیزەکردنى تەکنیکە جیاوازەکانی فێربوون بەشێوەى بینراو و بیستراو بەشێوەیەکى پراکتیکى سەرۆکایەتى بەشى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی دووشهممه ڕێکەوتى (10/10/2022) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ڕۆژین حسێن حسێنی فێرخوازان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەشێوەیەکى پراکتیکى بەگهشتێكی مهیدانی سینهماكانی ئیمپایەریان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان ئاشنایى چەمک و دەستەواژەکانى تایبەت بەسینەما و فیلم و نمایشە گشتیەکان کران، لە پەراوێزى سەردانەکەشیاندا فێرخوازان دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا لە هەندێک خواردن داوا بکەن بە بەکارهێنانی ئەو وشە ئینگلیزیانەی لە وانەکانی پێشوودا فێری بوون بە مەبەستی داواکردنی خواردن و خواردنەوە لە چێشتخانە و کافتریاکاندا.
مامۆستاى سەرپەرشتیار ڕۆژین حسێن حسێنی وتی: “ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ فێرخوازان بۆ ئەوەی بتوانن لە ژینگەی کۆمەڵگەی حەقیقیدا ئەزموونى فێربوونى زمانى ئینگلیزى پراکتیزە بکەن”، وتیشى زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوام باشترین دەرفەتی خوێندن پێشکەش بە فێرخوازەکانى دەکات، تا لە داهاتوودا فێرخوازان لە ژینگە جیاوازەکانى کارکردن و ژیانى ڕۆژانەیاندا بەشێوەیەکى پڕۆفێشناڵى ئاستبەرز بتوانن بەزمانى ئینگلیزى گفتوگۆ بکەن وکاروبارەکان ڕایى بکەن.