لە پیشانگەیەکى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسی کتێب بەخۆڕایی دابەشکرا
بۆ هاندانى زیاترى فێرخوازان و مامۆستایان بۆ خوێندنەوەى کتێب و سوودوەرگرتنیان بۆ توێژینەوەى زانستى، لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسی پیشانگەیەکى کتێب کرایەوە و، بەبێ بەرامبەر بەسەر سەردانیکەرانى پیشانگەکە دابەشکرا.
رۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (10/10/2022) بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکى جیهان-هەولێر و، دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و، دکتۆر عەبدولستار عبدالکریم سەعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان و، مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسي پیشانگەی كتێبی کردەوە.
لەو پیشانگەیەدا، کە بە هەماهەنگی نێوان مامۆستایان و فێرخوازانى بەشەكە رێكخرابوو، کتێب بەبێ بەرامبەر دابەش دەکرا، لە میانەى بەسەرکردنەوەى پیشانگەکەدا دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی بەگرنگیەوە لەو جۆرە چالاکیانەى ڕوانى و، جەختى لە گرنگى ڕۆڵى کتێب لە هۆشیارکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگەدا بەسەرجەم چین و توێژەکان کردەوە، بەتایبەت فێرخوازان کە نەوەى داهاتون وئایندەى کۆمەڵگەیان لەسەر بونیاد دەنرێ.
لەو پیشانگەیەدا، کە لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتور ايناس ضياء مهدي سەرپەرشتی کرا (300) کتێب لە بوارەکانى (زانستی سیاسی، مێژوو، ئەدەب، یاسا، کۆمەڵناسی و، زانیارى گشتى) نمایشکران و، بەشێوەیەکى خۆڕایی بەسەر سەردانیکەرانى پیشانگەکە بەپێى ئارەزویان بۆ بوارەکان دابەشکرا.
لە کۆتایی پیشانگەکەدا، دکتۆر گەیلان عومەر عبيدالله سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسيى سوپاسی مامۆستایان و فێرخوازانی بەشەکەی کرد بۆ بەخشینی کتێبەکانیان بەپیشانگەکە تا ئامادەبوان بتوانن سودی لێببینن بەتایبەت بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى.